حکوومەتی عێراق باجی گومرگی لەسەر خۆراک و دەرمانی هاوردەکراو لادەبات
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا بە لێخۆشبوونی سەرجەم ماددە خۆراکییەکان و دەرمانە هاوردەکراوەکان لە باج و رسووماتی گومرگی، ئەوەش بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی خۆراک و تەندروستی لە وڵاتدا.*
چوارشەممە 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران، چەندین بڕیاری گرنگ دران کە لە سەرووی هەموویانەوە دۆسیەی ئابووری و بژێویی هاووڵاتییان بوو.
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، لە پێناو دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراک و دەرمان و رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخەکان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا سەرجەم ماددە خۆراکییەکان و دەرمانە هاوردەکراوەکان لە باج و ڕسووماتی گومرگی ببەخشێت، بڕیارەکەش بە شێوەیەکی پاشەکشەیی لە رێککەوتی 7ـی تشرینی یەکەمی 2026ـەوە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێکی دیکەی گرنگ پەسەند کران، لەوانە: پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بەناونوسکردنی زەوییە تەرخانکراوەکان بۆ فەرمانگەی نیشتەجێکردن بە مەبەستی خێراکردنی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون و ناردنی بۆ پەرلەمان، زیادکردنی کۆی تەرخانکراوەکانی بودجەی وەبەرهێنانی پێشنیازکراوی وەزارەتی ناوخۆ بۆ ساڵی 2026، لە پێناو بەهێزکردنی تواناکانی وەزارەتەکە و پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای هەموارکردنی یاسای بنەماکانی دادگاییکردنی سزایی (ژمارە 23ی ساڵی 1971) و رەوانەکردنی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران.