گەمارۆکانی ئەمریکا هەناردەی نەوتی ئێرانیان راگرت

هەناردەی نەوتی ئێران بۆ ئاستی سفر دابەزی

سەکۆی فۆرتێکسا، تایبەت بە زانیارییەکانی وزە، دوێنێ سێشەممەی لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، گەمارۆکانی ئەمریکا هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێرانیان لە تشرینی یەکەمدا راگرتووە. 

راپۆرتەکەی فۆرتێکسا دەریدەخات، هەناردەی نەوت لە ناوچەی کەنداو بەدەر لە ئێران، لە ئەیلوولدا بۆ زیاتر لە 81%ـی ئاستەکانی پێش جەنگ بەرزبووەتەوە، کە ئەمەش بەهۆی بووژانەوەی هەناردەی سعوودیە بووە.

هەروەها سەکۆکە روونیکردەوە، هەناردەی نەوتی خاوی ئێران لە رێگەی دەریاوە لە هەفتەی دووەمی ئەیلوولدا گەیشتووەتە سفر. تێکڕای هەناردەکردن لە 14 رۆژی سەرەتای ئەو مانگەدا 230 هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێکدا و تا پێنجی تشرینی یەکەم لەو ئاستەدا ماوەتەوە.

بڕی نەوتی خاوی ئێرانی لەناو تانکەرەکاندا لە دەریا بۆ 83 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە، کە 43 ملیۆن بەرمیلیان بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە لە رۆژئاوای گەرووی هورمز گیرییان خواردووە.

کلێر یۆنگمان، بەڕێوەبەری بەشی مەترسییە دەریاییەکان لە فۆرتێکسا گوتی: "گەمارۆکە ئەوەی بەدیهێناوە کە ساڵانێک لە سزا نەیتوانیبوو بەدی بهێنێت، بە جۆرێک نەوتی خاوی ئێرانی بە کردەیی رێگری لێکراوە کەنداو جێبهێڵێت".

یۆنگمان روونیکردەوە، چین ئیتر بەو رادە زۆرەی پێشوو پێویستی بە نەوتی ئێران نەماوە، چونکە نەوتی رووسیا شوێنی ئەو بۆشاییەی پڕکردووەتەوە.

فۆرتێکسا بڵاویکردەوە، هەناردەی گازی پترۆلی شلی ئێران بە رێژەی 48% بەراورد بە مانگی پێشوو دابەزیوە و گەیشتووەتە نزمترین ئاست لە کانوونی دووەمی 2023ـەوە.

لەگەڵ دابەزینی هەناردەی ئێران، نەوتی خاوی رووسیا 80%ـی ئەو هەناردانەی پێکهێناوە کە فۆرتێکسا بە هەناردەی مەترسیی بەرز ناوی بردووە لە ئێران و رووسیا و ڤەنزوێلا.

کۆی گشتیی هەناردەی ئەو سێ وڵاتە لە ئەیلوولدا گەیشتووەتە 4.73 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، کە بەراورد بە 6.39 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە لە هەمان مانگی ساڵی رابردوودا دابەزیوە.

راپۆرتەکە روونیکردەوە، هەناردەی رووسیا بەدەر لە نەوتی خاوی یەکێتیی بۆرییەکانی دەریای قەزوین و کەی پی سی، بە رێژەی 6% بەراورد بە مانگی پێشوو بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 3.79 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.