هێرشێکی درۆنی کەشتییەکی بارهەڵگری لە بولگاریا نوقم کرد
بولگاریا سەبارەت بە نوقمبوونی کەشتییەکان باڵیۆزی رووسیا بانگهێشت دەکات
کەشتییەکی بارهەڵگر بە 16 دەریاوانەوە لە کەناراوەکانی بولگاریا بەهۆی هێرشی درۆن و بەلەمی بۆمبڕێژکراوەوە نوقم بوو. بەگوێرەی سەندیکای ئەفسەرانی دەریاوانی، 14 لە سەرنشینانی کەشتییەکە سوورین و دوو کەسی دیکەیان میسرین.
سەندیکاکە لە بڵاوکراوەیەکدا روونیکردەوە، تیمەکانی فریاگوزاری توانیویانە پێنج لە ئەندامانی تیمی کەشتییەکە رزگار بکەن، کە لەنێویاندا ئەفسەرێکی پلە یەکی میسری هەیە. هەوڵەکانی گەڕان بەمەبەستی دۆزینەوەی ئەو 11 دەریاوانەی دیکە، کە تا ئێستا بێسەروشوێنن، بەردەوامە.
بەرپرسانی بولگاریا رایانگەیاند، کەشتییەکە ئاڵای گینیا بیساوی هەڵگرتبوو و لە دووری 15 میل لە رۆژهەڵاتی گوندی کرابیتس نوقم بووە. شەش بەلەم و دوو هێلیکۆپتەر بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنی گەڕاندا کردووە. سەندیکاکە بڵاویکردەوە، هەماهەنگی لەگەڵ خاوەن کەشتییە سوورییەکە و سەندیکای سووری دەستی پێکردووە بۆ بەدواداچوونی وردەکارییەکانی رووداوەکە.
ماڵپەڕی ڤیتۆی میسری ئاشکرایکرد، رزگاربووەکان چوار دەریاوانی سووری و دەریاوانێکی میسرین و بڕیارە بگەنە فارنای بولگاریا. ئەشرەف مەمدووح، کاپتنی میسری و ئەفسەری پلە باڵای سەر کەشتییەکە جەختیکردەوە، کەشتییەکە بەهۆی ئەو هێرشەوە نوقم بووە. بەگوێرەی گۆڤاری نیوزویکی ئەمریکی، کەشتییەکە 5ـی ئۆکتۆبەر جەزائیری بەجێهێشتووە و بەرەو رۆمانیا بەڕێکەوتبوو، هەروەها بۆ گواستنەوەی دانەوێڵە بەکارهاتووە.
بەگویرەی وتەی بەرپرسانی بولگاریا، کەشتییەکی دیکە بە ناوی چێڵسی 3، کە ئاڵای ماڵتای هەڵگرتووە، هەر لەو شەوەدا رووبەڕووی هێرشی سێ درۆن بووەتەوە. سەرجەم ئەندامانی تیمی کەشتییەکە کە 15 کەس بوون، لەنێویاندا حەوت ئۆکرانی و هەشت ئازەربایجانی، رزگار کراون.
بولگاریا باڵیۆزی رووسیای بانگهێشتکردووە. رۆمین رادێڤ، سەرۆکوەزیرانی بولگاریا رایگەیاند، وڵاتەکەی بەڵگەی یەکلاکەرەوەی لەبەردەستدا نییە بۆ دیاریکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکان، بەڵام ئەنجامەکەی بە قازانجی رووسیا دەبینێت. مۆسکۆ رایدەگەیەنێت، هیچ زانیارییەکیان لەسەر ئەو هێرشە نییە. رادێڤ لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی ئاسایشی بولگاریادا هێرشەکانی بە قبووڵنەکراو وەسفکرد و رایگەیاند، بولگاریا هەوڵی بەدەستهێنانی یارمەتی لە ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپا دەدات.
شیکارییەکی سی ئێن ئێنی ئەمریکی دەریدەخات، کەشتییەکی جەنگیی سەر بە هێزی دەریایی بولگاریا لە ئۆپەراسیۆنی گەڕان و رزگارکردندا بەشدارە. ئەم رووداوە دوای هەفتەیەک لە هێرشێکی درۆنی و دەریایی دێت کە 6ـی ئۆکتۆبەر بووە هۆی نوقمبوونی کەشتی ئەلفا وەتەن لە ناوچەی ئابووریی تایبەتی بولگاریا، کە تێیدا نۆ دەریاوانی سووری و دەریاوانێکی میسری بێسەروشوێن بوون.
سەندیکای ئەفسەرانی دەریاوانی دووپاتیکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و رزگارکردن بەردەوامە و تا ئێستا هیچ وردەکارییەکی دیکە لەسەر شێوازی هێرشەکە یان ژمارەی کۆتایی بێسەروشوێنبووان لەبەردەستدا نییە.