ئێران شێوازی هێرشکردنەسەر کەشتییەکان دەگۆڕێت
تاران بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت بە شێوازی نوێ هێرش دەکات
دوو بەرپرسی باڵای ئێران ئاشکرایانکرد، تاران دەستی بە بەکارهێنانی شێوازێکی نوێی هێرشبەری کردووە بۆ بەئامانجگرتنی ئەو کەشتییانەی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕدەبن. ئامانجی ئێران لەم هەنگاوە، بەرزکردنەوەی نرخی نەوت و کاریگەریدانانە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریکا، کە بڕیارە مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
ئەو دوو بەرپرسە بە رۆیتەرزیان راگەیاند، ئێران نزیکەی 10 رۆژە دەستی بە بەکارهێنانی شێوازێکی جیاواز کردووە بەرامبەر بەو کەشتییانەی بە سەرپێچیکار لەو سنووردارانە دایان دەنێت کە خۆی سەپاندوونی. ئەوان روونیشیانکردەوە، ئەم رێکارە بووەتە هۆی زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییەکان.
بە گوتەی سەرچاوەکان، ستراتیژییە نوێیەکە لە باڵاترین ئاستی سەرکردایەتیی ئێران بڕیاری لەسەر دراوە و بە تەواوی لەنێوان بەرپرسانی ئێراندا هەماهەنگیی بۆ کراوە، کە گۆڕانکاری لە جۆر و خێرایی هێرشەکان لەخۆدەگرێت. یەکێک لە بەرپرسەکان گوتی: "ئامانجەکە تێکشکاندنی هەوڵەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەتی بۆ دابەزاندنی نرخی نەوتی جیهانی."
بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکا پشتڕاستیکردەوە، ئێران شێوازەکانی بە شێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕیوە. سوپای پاسداران پەنای بۆ بەکارهێنانی چاودێریی بێچەک لەسەر بەلەمە بچووکەکان بردووە بۆ دیاریکردنی ئامانجەکان، لەوانەش کەشتییەکانی سەر بە هێزی دەریایی ئەمریکا، ئەمەش دوای ئەوەی لێدانەکانی ئەمریکا زۆربەی توانای رادارەکانی ئێرانیان تێکشکاندووە.
بەرپرسەکە رووداوێکی هەفتەی رابردووی ئاشکراکرد، تێیدا سوپای ئەمریکا چاودێرانی ئێرانی لەسەر بەلەمێکی چارۆکەدار دۆزیوەتەوە کە زانیارییان لەسەر ئامانجەکان داوەتە سوپای پاسداران. ئەو بەرپرسە گوتی، هێزەکانی ئەمریکا فەرمانیان بە سەرنشینانی بەلەمەکە کردووە چۆڵی بکەن و دواتر بەلەمەکەیان تێکشکاندووە، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێ بکەوێتەوە.
بەرپرسە ئەمریکییەکە روونیکردەوە، ئێران کە نایەوێت مەترسی بخاتە سەر ئەو بەلەمانەی بۆی ماوەتەوە، نەیتوانیوە رێگری لە زیادبوونی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی گەرووەکەوە بکات، بەتایبەتی دوای ئەوەی لێدانەکانی ئەمریکا هێزە دەریاییەکانی ئێرانیان لاوازکردووە.