سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرەو سعوودیە بەڕێدەکەوێت

ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی بەرەو شانشینی سعوودییە بەڕێدەکەوێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، زەیدی لەو سەردانەدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سعوودییە کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێکی هاوبەش و دۆخی ناوچەکە بکەن.

لە میانەی سەردانەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە هێرشکردنە سەر خاکی سعوودییە تاوتوێ دەکات. بڕیارە دوای تەواوبوونی کارەکانی لە ریاز، زەیدی سەردانی کوەیتیش بکات.

پێشتر بڕیار بوو لە 29ـی تەممووزی ئەمساڵدا زەیدی سەردانی سعوودییە بکات، بەڵام بەهۆی هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و سعوودییە بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی و چەند گرووپێکی چەکدار، سەردانەکە هەڵوەشایەوە. ئەو هێرشە هاوبەشە وەک وەڵامێک بۆ ئەو پەلامارە درۆنییانە بوو کە گرووپە چەکدارەکانی عێراق کردبوویانە سەر دامەزراوەکانی سعوودییە.

لە پاش ئەو رووداوانە و بەهۆی چەندین هەوڵ و نێوەندگیریی ناوخۆیی و دەرەکییەوە، گرژییەکانی نێوان بەغدا و ریاز تا رادەیەک خاو بوونەوە. ئەم دۆخە وای کرد ئامادەکاری بۆ سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دووبارە بکرێتەوە تا دۆسیە ئەمنی، ئابووری و سیاسییەکان لەنێوان هەردوو وڵاتدا بخرێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ.