لێدوانێکی وەزیری ژینگە بازاڕی ماسیفرۆشانی بەغدای بەتەواوی پەکخست
لێدوانێکی وەزیری ژینگەی عێراق سەبارەت بە تووشبوونی ماسی بە نەخۆشی ئایدز، بازاڕی ماسیفرۆشانی لە بەغدا بە تەواوی پەکخست و بژێویی سەدان خێزانی خستە مەترسییەوە. گەورەترین بازاڕی ماسیفرۆشانی بەغدا، تەنیا لە ماوەی شەو و رۆژێکدا لە ناوەندێکی قەرەباڵخەوە گۆڕا بۆ شوێنێکی بێدەنگ.
کاسبکارانی ئەم بوارە تووڕەن لەوەی بەرپرسانی ژینگە لەبری بنبڕکردنی پاشماوە پزیشکییەکان، بە گوتەی ئەوان بە قسەی بێبنەما بازاڕەکەیانیان پەکخستووە. ئەوان جەختدەکەنەوە کە بەشێکی زۆری ماسییەکان لە حەوزە تایبەتەکان و رووباری فوراتەوە دەهێندرێن، نەک لە ئاوە پیسبووەکانی دیجلە.
ئیبراهیم موسەوی، ماسیفرۆش، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئەی وەزیری ژینگە، ئەمە نانبڕینە. تۆ وازت لە هەموو کێشە ژینگەیییەکانی عێراق هێناوە و تەنیا ماسیت هەڵبژارد؟ لەو کاتەوەی ئەو لێدوانەی داوە، من لە قاوەخانە دادەنیشم و هیچ کارێک نییە".
ئەو ماسیفرۆشە روونیکردەوە، هاووڵاتیان بەهۆی ئەم دەنگۆیانەوە ترساون و مافی خۆیانە خۆیان بپارێزن، بەڵام ئەمە بووەتە هۆی وەستانی تەواوەتیی کارەکانیان.
عودەی عەلی، ماسیفرۆشێکی دیکەیە و دەڵێت: "لێدوانەکەی وەزیری ژینگە جێگەی سەرسوڕمانە. ئەگەر وەزیری ژینگە بەم شێوەیە قسە بکات، ئەی ئەرکی راستەقینەی چییە؟ لەوانەیە پیسبوون لە رووباری دیجلە هەبێت، بەڵام ئێمە ماسیمان لە رووباری فوراتەوە بۆ دێت کە هیچ پیسبوونێکی تێدا نییە".
سەرەڕای ترسی هەندێک لە هاووڵاتیان لە خواردنی ماسی، بەشێکی دیکەیان بڕوایان بەو قسانە نەکردووە. محەمەد قاسم، هاووڵاتی، لەو بارەیەوە دەڵێت: "ماسی هیچ نەخۆشییەکی تێدا نییە و شتی وا بوونی نییە. ماسی قەتان و شەبووت و بنییە ناتوانن نەخۆشی بۆ مرۆڤ بگوازنەوە. ماسی کارپ لە حەوزەکاندا پەروەردە دەکرێت و لە رووبارەکاندا ناژی".
وەزارەتی تەندروستیی فیدراڵ، گێڕانەوەکەی وەزیری ژینگەی بە تەواوی رەتکردەوە و روونیکردەوە کە ڤایرۆسی ئایدز بە هیچ جۆرێک لە رێگەی ماسی و خۆراک و تەنانەت ئاویشەوە ناگوازرێتەوە.
کێشەکە دوای لێدوانەکەی وەزیری ژینگە سەریهەڵدا کە باسی پیسبوونی رووباری دیجلەی بە پاشماوەی پزیشکی و خوێنی تووشبوو بە ئایدز کردبوو. ئەم قسانە شۆک و ناڕەزایەتیی خاوەن دوکانەکانی لێکەوتەوە و ئەو لێدوانانەیان بە بڕینی بژێویی ژیانی توێژێکی فراوانی کرێکاران لە قەڵەمدا.