بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمێک لە هیندستان نزیکەی 15 منداڵ گیانیان لەدەستدا

لە رووباری گاینجی لە هیندستان بەلەمێک وەرگەڕا و نزیکەی 15 منداڵ گیانیان لەدەستدا، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەش بەڵێنی قەرەبووکردنەوەی خێزانەکانی دا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی پرێس تراست ئۆف هیند بڵاوی کردەوە، شەوی رابردوو، بەلەمێک لە رووباری گانجی هیندستان وەرگەڕا و بەوهۆیەوە 13 منداڵ گیانیان لەدەست دا. ئاماژەی بەوەشدا، تیمی فریاکەوتن توانییان تەرمی قوربانییەکان لە ئاوەکە دەربهێنن.
راشیگەیاند، رووداوەکە لە ناوچەی ڤایشالی لە ویلایەتی بیهار روویدا، کاتێک بەلەمەکە بەرەو ئاهەنگێک بەرێوەبووە. فارشا سینگ، حاکمی بیهار رایگەیاند "بەلەمەکە نزیکەی 15 بۆ 20 کەسی هەڵگرتبوو و تەمەنی سەرجەم قوربانییەکان 15 ساڵ یان کەمتر بووە".

هێشتا ژمارەی وردی سەرنشینەکانی بەلەمەکە بە تەواوی نەزانراوە، هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی پرۆسەکانی گەڕان و بەدواداچوون، ناریندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان لە لێدوانێکدا نیگەرانی خۆی بۆ ئەو رووداوە دەربڕی.

مۆدی سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییەکان کرد و بڕیاری قەرەبووکردنەوەی بۆ خێزانی قوربانییەکان راگەیاند.