بە سپۆنسەری کوردستان24 یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کەرتی میوانداری بەڕێوەدەچێت

140 کۆمپانیای ناوخۆیی و جیهانی لە پێشانگای هەولێر بەشدار دەبن

یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی تایبەت بە کەرتی میوانداری لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر دەکرێتەوە. چالاکییەکە بۆ ماوەی چوار رۆژ لە ئەمڕۆ 14تشرینی یەکەم تا 17ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی رێناس عەلی، پەیامنێری کوردستان24، لەم پێشانگایەدا زیاتر لە 140 کۆمپانیای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی نوێترین بەرهەم و تەکنەلۆژیاکانی بواری هوتێل، چێشتخانە، کەرەستەی میوانداری و خزمەتگوزارییە گەشتیارییەکان نمایش دەکەن. لەو ژمارەیەش 50 کۆمپانیای ناوخۆیی و 90 کۆمپانیای نێودەوڵەتی لە 10 وڵاتی جیاوازەوە بەشدارن.

ئەم پێشانگایە کە بە "هۆس پێکس" ناسراوە، یەکەمین پێشانگای لەمجۆرەیە تایبەت کراوە بەو کەلوپەلانەی لە هۆتێل، چێشتخانە، ماڵان و شوێنە گشتییەکان بەکاردەهێنرێن. ئامانج لە رێکخستنی ئەم چالاکییە، هاندانی کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان و عێراقە، راکێشانی کۆمپانیا بیانییەکان، بەبازاڕکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکان و دروستکردنی پەیوەندیی بازرگانی لەنێوان کۆمپانیاکانی ناوخۆ و دەرەوەیە.

کوردستان24 وەک سپۆنسەری میدیایی پێشانگاکە، رووماڵی پێشانگاکە دەکات. دەرگاکانی پێشانگاکە رۆژانە لە کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ بەڕووی سەردانیکەراندا دەکرێنەوە.