دەرچووانی ئەندازیاریی نەوت لە کەرکووک داوای دامەزراندن دەکەن
دەرچووانی بەشی ئەندازیاری نەوت لە کەرکووک، پاش ئەوەی 6 رۆژ لەبەردەم کۆمپانیای نەوتی باکوور خۆپیشاندانیان کرد و کەس بەدەمیانەوە نەهات، ئەمڕۆ ناچار پەنایان بردە بەر ئەنجوومەنی پارێزگا و داوای دامەزراندن و پێشدانی ئەولەویەت بە خەڵکی شارەکە دەکەن، لە کاتێکدا جەخت لەوە دەکەنەوە کە تەنیا کەسانی خاوەن واستە دەرفەتی دامەزراندنیان بۆ دەڕەخسێت.
چوارشەممە، 14ی تشرینی یەکەمی 2026، ژمارەیەک لە دەرچووانی بەشی ئەندازیاری نەوت لەبەردەم باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگا لە شاری کەرکووک خۆپیشاندانێکیان کرد و داوای دامەزراندنیان کرد، جەختیان لەوەش کردەوە کە کۆمپانیای نەوتی باکوور دەبێت ئەولەویەت بدات بە خەڵکی ناوخۆیی شارەکە بۆ دامەزراندن نەک ناوچەکانی دیکە.
ئەم ناڕەزایەتییە پاش ئەوە هات کە بۆ ماوەی 6 رۆژ ئەو دەرچووانە لەبەردەم باڵەخانەی کۆمپانیای نەوتی باکوور خۆپیشاندانیان کرد، بەڵام بە گوتەی خۆیان هیچ لایەنێک بە دەمیانەوە نەهات؛ بۆیە ناچار بوون پەنا ببەنە بەر ئەنجوومەنی پارێزگا و تاوەکو ئێستا کەسیان نەهاتووەتە دەرەوە بۆ گوێگرتن لە داواکارییەکانیان. خۆپیشاندەران نیگەرانی خۆیان دەربڕی و جەختیان لەوە کردەوە کە تەنیا ئەو کەسانەی واستەیان هەیە دەرفەتی دامەزراندنیان بۆ دەڕەخسێت.
لە لایەکی دیکەوە، یەکێک لە دەرچووەکان لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "ئێمە هیوامان وایە کەناڵەکانی راگەیاندن دەنگمان بگەیەنن و یارمەتیمان بدەن تاوەکو کێشەکانمان چارەسەر ببن."
شایەنی باسە، لە کاتێکدا حکوومەتی عێراق بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەراندا رووبەڕووی کێشەی گەورە بووەتەوە، ساڵانە دەرچووانی بەشە جیاجیاکان لە سەرانسەری عێراقدا دەکەونە خۆپیشاندان و داوای دابینکردنی هەلی کار و دامەزراندن دەکەن.