بۆمبێکی چێندراو بە هێزەکانی سوپای عێراقدا تەقییەوە و 4 کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو بە هێزەکانی سوپای عێراقدا لە باشووری پارێزگای کەرکووک، ئەفسەرێکی باڵا و سەربازێک کوژران و چەند سەربازێکی دیکەش بریندار بوون.

سەرچاوەیەک لە سوپای عێراق بە پلەی موقەدەم بە کوردستان 24ـی راگەیاند، رووداوەکە لە کاتی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردن و گەڕان و پشکنیندا لە دۆڵی زغەیتوون لە باشووری کەرکووک روویداوە و بەهۆیەوە ئەفسەرێک بە پلەی "عەمید" و سەربازێک کوژراون، هەروەها دوو سەربازی دیکەش بریندار بوون.

سەبارەت بە هۆکاری ئۆپەراسیۆنەکە، سەرچاوەکە روونی کردەوە، ئەم کێوماڵکردنە دوای ئەوە دێت کە دوێنێ لە هەمان ناوچەدا، لە رێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە چەند مۆڵگەیەکی پاشماوەکانی چەکدارانی داعش کرابوونە ئامانج و بۆردومان کرابوون.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، کە دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و تەرمی قوربانییەکان و بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی ناوشاری کەرکووک.

‌هێزەکانی هاوپەیمانان دژی داعش لە 30 ئەلوولی 2026، لە عێراق کشانەوە، لەدوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمان جموجۆڵی شانەکانی داعش لە حەویجە و دەورووبەری کەرکووک زیادی کردووە، هەروەها چەند هێرشێکیان کردووەتە سەر خاڵە ئەمنییەکانی عێراق.