گەشتیاران سەردانی تاڤگەی پیران دەکەن، بەڵام خوازیاری خزمەتگوزاریی زیاترن

ناوچەی گەشتیاریی رێژاو و تاڤگەی پیران لە پارێزگای کرماشان سەرنجی گەشتیارێکی زۆر رادەکێشن، بەڵام سەردانیکەران رەخنە لە نەبوونی خزمەتگوزارییەکان دەگرن و داوای پاراستنی ژینگەی ناوچەکە دەکەن.

ناوچەی رێژاو لە پارێزگای کرماشان چەندان شوێنی سروشتی و مێژوویی لەخۆ دەگرێت. یەکێک لەو شوێنانەی زۆرترین گەشتیار رووی تێدەکات، تاڤگەی پیرانە. ئەم تاڤگەیە بە بەرزترین تاڤگەی رۆژهەڵاتی کوردستان دادەنرێت و بەرزییەکەی 180 مەترە. بەهۆی بوونی تاشەبەردەوە ئاوەکەی بە سێ قۆناخ دێتە خوارەوە.

 لە بەشی سەرەوەی تاڤگەکە گوندی ژاڵکە هەڵکەوتووە، گوندێکی سەوز و گەشتیارییە و لە بەشی خوارەوەشی گوندی پیران هەیە، تاڤگەکەش ناوەکەی لەو گوندەوە وەرگرتووە، هەروەها بە تاڤگەی رێژاویش دەناسرێت.

لە بەشی خوارەوەی تاڤگەکە دارستانێکی چڕ هەیە، گەیشتن پێی تا رادەیەک سەختە، بەڵام گەشتیاران دەتوانن بە ئۆتۆمبێل تاوەکوو بەشی سەرەوەی تاڤگەکە و سنووری گوندی ژاڵکە بچن. حەمید شادان، یەکێک لەو گەشتیارانەی سەردانی ناوچەکەی کردووە، باسی لە گرنگیی پاراستنی ئەم شوێنانە کرد و گوتی، "ئەم سەوزایی و سروشتە ناسنامە و میراتی کوردەواریی ئێمەیە، پێویستە بیپارێزین و بە خەڵکی دیکەی بناسێنین، بۆ ئەوەی نەوە لە دوای نەوە ئەم کەلەپوورە بگوازینەوە".

لەلایەکی دیکەوە، محەممەد موقەددەسی، گەشتیارێکی دیکەیە، هۆشداری دەداتە لایەنە پەیوەندیدارەکان و هاووڵاتییان بۆ پاراستنی ژینگە، باسی لەوە کرد، "پێویستە بەرپرسان و خەڵکیش ژینگەی ئەم ناوچەیە بپارێزن، زبڵ و پاشماوە فڕێ نەدەن و ئاگر نەکەنەوە، بۆ ئەوەی ئەم سروشتە جوانە بۆ نەوەکانی داهاتووش بمێنێتەوە".

سەرەڕای هەبوونی گۆڕەپانێک بۆ ئۆتۆمبێل و چەند کەپرێک لە سەرەوەی تاڤگەکە، ناوچەکە لە رووی خزمەتگوزاریی گەشتیارییەوە زۆر هەژارە. وەحید سەفەری، گەشتیارێکی دیکەیە و رەخنە لە نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکان دەگرێت، ئەوەی خستەڕوو، "ئەم شوێنە تەنیا چەند کەپرێکی تێدایە، خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو، شوێنی مانەوە و پێداویستییەکانی دیکەی تێدا نییە. سەرەڕای هەبوونی کەشوهەوایەکی زۆر فێنک و جوان و دیمەنێکی ناوازە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پێداویستییەکانەوە، گەشتیار ناتوانێت بە ئاسوودەیی لێرە بمێنێتەوە یان نانی نیوەڕۆ بخوات".

جگە لە تاڤگەکە و سروشتە دڵڕفێنەکەی، ناوچەی رێژاو چەندان شوێنەواری گرنگی مێژوویی و ئایینی لەخۆ دەگرێت. هەر لە نزیک تاڤگەکە، قەڵای یەزدگرد، پاشایەکی ساسانی بووە، بەسەر چیاکانەوە دیارە. هەروەها مەزارگەی بابایادگار، شوێنێکی پیرۆزی ئایینی یارسانییەکانە، لەگەڵ مەزارگەی ئەبو دوجانە و سەرابی ئەسکەندەر، لەو ناوچە گەشتیارییەدا هەڵکەوتوون و مێژوویەکی دێرینیان بە ناوچەکە بەخشیوە.