دەستەی دەستپاکی پێنج تۆمەتباری لە دیوانییە دەستگیر کرد
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی رایگەیاند، سێ ئۆپەراسیۆنیان لە پارێزگای دیوانییە کردووە و بەهۆیەوە 5 تۆمەتباریان بە تۆمەتی دەستوەردان لە زیادکردنە ئاشکراکان و کەمکردنەوەکان (موناقەسە)ـی فەرمانگە فەرمییەکاندا دەستگیر کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی دەستپاکی فیدراڵ ئاماژەی بەوە کردووە، دوو راگەیاندنکار کە لە رادیۆی "دەنگی دیوانییە" کار دەکەن، دەستگیر کراون بەهۆی ئەوەی داوای بڕە پارەیەکیان لە فەرمانبەران کردووە لە بەرامبەر تەرخانکردنی پارچە زەویی نیشتەجێبوون بۆیان، روونیشیکردووەتەوە، تۆمەتبارەکان داوای پارەیان لە چەند فەرمانبەرێکی فەرمانگەی ئاوەڕۆی پارێزگاکە و زانکۆی قادسییە کردووە، بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە گوایە بەشێک لەو پارەیە دەدرێت بەو پارێزەرەی رێکارەکانی تەرخانکردنەکە تەواو دەکات، لەگەڵ چەند فەرمانبەرێکی دیکەدا.
لە دوو ئۆپەراسیۆنی دیکەی جیادا، دەستەکە دوو تۆمەتباری دیکەی دەستگیر کردووە کە یەکێکیان کارمەندێکی ئەمنییە، لە کاتی وەرگرتنی بڕێک پارە لە کەسێک، ئەمەش دوای ئەوەی هەڕەشەیان لێ کردووە و داوای پارەیان لێ کردووە تاوەکوو بەشداری نەکەن لە زیادکردنێکی ئاشکرای تایبەت بۆ موڵکێکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی دیوانییە. لە لایەکی دیکەشەوە، فەرمانبەرێکی پەروەردەی دیوانییە دەستگیر کرا، دوای ئەوەی دەستوەردانی کردبوو لە زیادکردنێکی ئاشکرای تایبەت بە دوکانێکی سەر بە کۆلێژی زانستی زانکۆی قادسییە، کە تۆمەتبار داوای پارەی لە کەسێک کردبوو بۆ ئەوەی بەشداری لە زیادکردنەکەدا نەکات.
هەروەها دەستەی دەستپاکی ئاشکرای کردووە، دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی دیوانییە تایبەت بە کەیسەکانی دەستپاکی، بڕیاری داوە بە ڕاگرتنی (تەوقیفکردنی) تۆمەتباران یاساکانی سزادانی عێراقی.