لە کەرکووک گوێ بە بڕیارەکانی بەغدا نادرێت و زەوی هاووڵاتییان دەدرێتە وەبەرهێنان

سەرەڕای بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ راگرتنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و رووخاندنی خانووە زیادەڕۆکان، لە کەرکووک رێکارەکان بەردەوامن و زەوی هاووڵاتیان بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنان زەوت دەکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا سەرجەم رێکارەکانی تایبەت بە پێدانی دەرفەتی وەبەرهێنان لە دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنان و دەستەکانی وەبەرهێنان لە سەرانسەری پارێزگاکان بە شێوەیەکی فەرمی هەڵبوەشێنێتەوە.

بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمیی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانی عێراق، ئەو بڕیارە ئاراستەی نووسینگەی پارێزگاری سەرجەم پارێزگاکان کراوە. نووسراوەکە واژووی عەلی حوسێن عەبدولئەمیر، بریکاری هونەریی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی بە وەکالەتی لەسەرە و تێیدا ئاماژە بە رێنماییەکی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە.

بەگوێرەی رێنماییەکە، داوا دەکرێت بەپەلە ئامار و جەردی سەرجەم ئەو زەوییانە بکرێت کە ئامادەن، ئەوەش بە مەبەستی یەکخستنی دیزاینەکانیان بە شێوازێکی سەردەمیانە.

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئامانجی بڕیارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە دەیانەوێت دووبارە سوود لەو زەوییانە وەربگرن. ئەو کارە بەپێی پێوەرە نوێیەکان بۆ جێبەجێکردن و دروستکردنی پڕۆژەی نیشتەجێبوون یان بازرگانی بە شێوەیەکی گشتگیر و تەواوکاری دەبێت.

لە کۆتایی نووسراوەکەدا، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە داوای لە پارێزگاکان کردووە بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە، بەتایبەت سەبارەت بەو زەوییانەی موڵکی شارەوانییەکانن، هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ دەستەکانی وەبەرهێنان لە پارێزگاکانیان بکەن.