قەدەخەکردنی سەرپۆش ناکۆکی دەخاتە نێوان تورکیا و ئازەربایجان
بریاری قەدەخەکردنی سەرپۆش، درز دەخاتە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئازەربایجان.
سەرەڕای ئەوەی تورکیا و ئازەربایجان دوو وڵاتی دۆست و لەیەک نزیکن بەڵام بریاری قەدەخەکردنی سەرپۆش لە ناوەندەکانی خوێندنی ئازەربایجان بووتەوە هۆی وەڵام دانەوەی یەکتر، لە دوای لێدوانەکانی بەشێک لە بەرپرسانی تورکیا سەبارەت بە بڕیاری قەدەخەی سەرپۆش لە دامەزراوە پەروەردەیییەکانی ئازەربایجاندا، کاردانەوەی توندی لایەنی ئازەربایجانی لێکەوتەوە و ئەو لێدوانانە وەک دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆ وەسف کرا.
لێدوانەکانی بەشێک لە بەرپرسانی ئاکپارتی و تەنانەت سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا وای لە کەناڵی فەرمیی ئازەربایجان کرد وەڵامی قسەکان بداتەوە، کەمال کلچدار ئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە رایگەیاندووە، جیاکردنەوەی ئافرەتان بەوەی کە سەریان داپۆشراوە یان نا، کارێکی راست نییە. هەرکەسێک بیەوێت دەتوانێت سەرپۆش دابنێت یان نا،
وتیشی، پشتیوانی و گەرەنتیی عەلمانییەت پەیوەندی بە باڵاپۆشیی ئافرەتانەوە نییە. لە دوای ئەم قسانە، تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئازەربایجان ئاماژەی بەوەکرد، ئازەربایجان دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری، دەستوور و نەریتی دەوڵەتداری خۆیەتی و هیچ وڵاتێک مافی ئەوەی نییە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی یان سیاسەتی پەروەردەیییەکەیدا بکات. راشیگەیاندووە، ئەم قسانەی بەرپرسانی تورکیا قبووڵکراو نین.
هاوکات کۆمەڵەی کاری پەیوەندیی نێوان پەرلەمانەکانی ئازەربایجان و تورکیا ئاماژەی بەوە کردووە کە دروشمی یەک نەتەوە، دوو دەوڵەت نابێت وەک پاساوێک بۆ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئازەربایجان یان سەپاندنی ئایدۆلۆجیا و سیاسەتی دەرەکی بەکاربهێنرێت.