پێشنیاز دەکرێت دابەشکردنی بەنزین لە سلێمانی بکرێتە کارتی ئەلیکترۆنی
قایمقامی سلێمانی داوای رێکخستنی دابەشکردنی بەنزین دەکات
قایمقامی ناوەندی سلێمانی بە وەکالەت، پێشنیازیکرد بۆ رێکخستنی پرۆسەی دابەشکردنی بەنزین و کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی بەردەم وێستگەکان، دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراو بە نرخی 750 دینار بکرێتە سیستەمی کارتی ئەلیکترۆنی.
فازڵ عومەر بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو پێشنیازەیان پێشکەش بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە و تا ئێستا چاوەڕێی وەڵامن. بە گوتەی ئەو بەرپرسە، سەرەڕای ئەوەی رۆژانە بڕێکی زۆر بەنزین لە وێستگەکان دابەش دەکرێت، هێشتا نۆرەگرتنی درێژخایەن بووەتە هۆی دروستبوونی گرفت بۆ هاووڵاتییان و رەوشی هاتوچۆ.
قایمقامی ناوەندی سلێمانی پێیوایە ئەگەر نرخی بەنزینی بازرگانی دابەزێت، قەرەباڵخیی بەردەم وێستگەکان بە رێژەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە. سەبارەت بە گومانی هاووڵاتییان لە پرۆسەی دابەشکردنەکەش، فازڵ عومەر جەختیکردەوە "هیچ گومانێک لە بڕی بەنزینی دابەشکراو نییە، چونکە سەرجەم وێستگەکان بە کامێرای چاودێری کۆنترۆڵ کراون و ژمارەی پێوانەکان تۆمار دەکرێن و هەموو ئەو بڕەی دەگاتە سلێمانی، راستەوخۆ بەسەر ئۆتۆمبێلەکاندا دابەش دەکرێت."
لە وەڵامی داواکاریی هاووڵاتییان و شۆفێران بۆ بڵاوکردنەوەی پێشوەختەی لیستی وێستگەکان، قایمقامی سلێمانی رایگەیاند، پێشوازی لەم پێشنیازە دەکات و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر رێکخستنەوەی پرۆسەکە دەبێت. فازڵ عومەر گوتیشی "هەر لە ئەمڕۆوە قسە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان دەکەین و لە رۆژانی داهاتوودا لیستی وێستگەکان بڵاو دەکەینەوە."
رۆژانە لە نزیکەی 20 وێستگەی سنووری سلێمانی بەنزین بە نرخی 750 دینار دابەش دەکرێت. بەپێی داتاکان، هەر وێستگەیەک رۆژانە 25 هەزار لیتر بەنزینی پێدەگات و بە هەر ئۆتۆمبێلێک 40 لیتر بەنزین دەدرێت. هاوکات یەکێک لە وێستگەکان بەشێوەیەکی تایبەت بۆ ئافرەتان تەرخان کراوە و وێستگەیەکی دیکەش تەنیا بۆ پاس و تاکسییەکان بەکاردێت.