مەسرور بارزانی داوای جێگیرکردنی شایستە داراییەکانی پێشمەرگە لە بودجەی عێراقدا دەکات
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی و شاندی دانوستانکاری راسپارد تاوەکو کار بۆ جێگیرکردنی شایستە داراییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی خەرجییە سەروەرییەکانی بودجەی عێراقدا بکەن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردووەتەوە، بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە فەرمانێکی حکوومیدا، وەزارەتی دارایی و ئابووری و شاندی باڵای دانوستانکاری هەرێمی راسپارد، بۆ ئەوەی کار بکەن لە پێناو جێگیرکردنی خەرجییەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی خەرجییە سەروەرییەکانی بودجەی فیدراڵدا.
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بە ژمارە 12649 و لە رێکەوتی 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، جەخت لەوە کراوەتەوە، هەرێمی کوردستان لە رێگەی پشکی خۆی لە بودجەی فیدراڵییەوە بەشداری لە دابینکردنی خەرجییە سەروەرییەکان دەکات و ئەوەش خەرجییەکانی پێشمەرگە لەخۆ دەگرێت.
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، پێویستە لە دانوستانەکانی بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027، کار بکرێت بۆ دابینکردنی مووچە، دەرماڵە و تەواوی شایستە داراییەکانی پێشمەرگە بە پێوەری یەکسان وەک هاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدراڵدا. هەروەها ئەم بڕیارە پرۆژەکان، راهێنان و پڕچەککردنیش لەخۆ دەگرێت.
لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەدا جەخت کراوەتەوە سەر هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا، بە مەبەستی داکۆکیکردن لەم داواکارییە لە قۆناخەکانی ئامادەکردن و پەسەندکردنی بودجەی ساڵی 2027ـدا. فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەم بڕیارەی بڵاو کردووەتەوە.