حووسییەکان: چەند ئامانجێکمان لە فڕۆکەخانەی شا خالید پێکا

حووسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، کۆمپانیای ئارامکۆ لە زەهران، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید و پاڵاوگەیەکی نەوتیان لە ریاز کردووەتە ئامانج.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، حووسییەکان بێ ئەوەی کاتی وردی هێرشەکان دیاری بکەن، هەڕەشەی بەردەوامبوونی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانە و دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیەیان کرد.

یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکان لە تێلێگرام بڵاویکردەوە، هێزەکانیان کۆمپانیای ئارامکۆ لە زەهرانی ناوچەی رۆژهەڵات، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید و پاڵاوگەی ئارامکۆ لە ریازیان کردووەتە ئامانج. سەریع روونیکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکانیان لە رۆژانی داهاتوودا بە ئامانجگرتنی فڕۆکەخانە و دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیە لە قووڵایی خاکی ئەو وڵاتەدا بەردەوام دەبێت و دەرەنجامەکانی بۆ ریاز قورس دەبێت.

لای خۆیەوە هاوپەیمانیی سەربازی رایگەیاند، بەهۆی پرۆسەی تێکشکاندنی مووشەکەکانەوە، پاشماوەی مووشەکەکان لە ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی زەهران، کە بارەگای سەرەکیی کۆمپانیای ئارامکۆی لێیە، کەوتووەتە خوارەوە. ریاز بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، بەهۆی پاشماوەی مووشەکەکانەوە لە پایتەخت 4 کەس، کە پێکدێن لە دوو ژن، پیاوێک و منداڵێک، بریندار بوون. 

هەروەها شوێنێکی کارگێڕیی کۆمپانیای ئارامکۆ لە زەهران تووشی ئاگرکەوتنەوەیەکی سنووردار بووە، بەڵام زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە. هاوپەیمانیی سەربازی بە سەرکردایەتیی سعوودیە بۆ پشتیوانیی حکوومەتی یەمەن، ئەمڕۆ چوارشەممە تێکشکاندن و لەناوبردنی مووشەکێکی بالیستیی راگەیاند، کە حووسییەکان بەرەو ریاز هەڵیان دابوو. 

تورکی مالیکی، گوتەبێژی هاوپەیمانییەکە لە پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیویەتی: "مووشەکێکی بالیستی کە لەلایەن میلیشیا حووسییەکانەوە بەرەو ریاز هەڵدرابوو، تێکشکێنرا و لەناوبرا."