لە سەیدسادق زەوی بەسەر فەرمانبەران و کەسوکاری شەهیدان دابەش کرا

لە قەزای سەیدسادق 253 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران، خانەنشینان و کەسوکاری شەهیداندا دابەش کرا، و شارەوانی سلێمانیش رایگەیاند کە بەمزووانە قۆناخێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی رادەگەیەنرێت.

پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بەردەوامە، و ئەمڕۆ لە قەزای سەیدسادق سەدان پارچە زەوی بەسەر سوودمەنداندا دابەش کران، لە کاتێکدا شارەوانی سلێمانی مژدەی راگەیاندنی قۆناخێکی دیکەی دابەشکردنی زەویی لە داهاتوویەکی نزیکدا راگەیاند.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ 253 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری سەیدسادق بە شێوەی تیروپشک دابەش کرا. لەم پرۆسەیەدا، 223 فەرمانبەر و خانەنشین، هەروەها 22 زیندانی سیاسی و 8 کەسوکاری شەهیدان لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بوون. سەرۆکایەتیی شارەوانی سەیدسادقیش ئاشکرای کرد، دابەشکردنی زەوی بە گوێرەی خاڵبەندییە و بە شێوەی قۆناخ بە قۆناخ لە بەرزترین خاڵەوە بۆ کەمترین خاڵ بەردەوام دەبێت.

سەبارەت بە دابەشکردنی زەوی لە شاری سلێمانی، ئەنجوومەن حەسەن، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی، بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ لێژنەی باڵای دابەشکردنی زەوی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان رێکارەکانی دابەشکردنی قۆناخێکی دیکەی زەوی تەواو دەکەن، و بە ئەگەری زۆرەوە لەم مانگەدا قۆناخێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا رادەگەیەنن.

گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی ئاماژەی بەوەش دا که لەم قۆناخەدا زۆرترین فەرمانبەر سوودمەند دەبن، چونکە رووبەرێکی زۆری زەوی دابین کراوە. هەروەها رایگەیاند کە بە کۆی گشتی پێویستییان بە 75 هەزار پارچە زەوی هەبووە، و تاوەکو ئێستا 27 هەزار پارچە زەوییان بەسەر فەرمانبەران دابەش کردووە و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا هەزاران پارچە زەوی دیکە دابەش دەکرێن.