عەلی زەیدی گەیشتە سعوودیە
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، عەلی فالح زەیدی، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ریازی پایتەختی سعوودیە.
چاوەڕوان دەکرێت لە مانگ و خشتەی ئەم سەردانەدا، گفتوگۆی فەرمی لە نێوان هەردوو لایەن ئەنجام بدرێت سەبارەت بە پتەوکردنی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکان، و چەندین پرسی گرنگی ناوچەیی و هاوبەش کە خزمەتی بەرژەوەندیی هەردوو ولاتی برادەر بکات.
پێش سەردانەکە رۆژی سێشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە وتارێکدا لە رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت سەرنجی خستە سەر دۆخی سیاسی و ئەمنیی وڵاتەکەی و رایگەیاند، پەیوەندییەکانی بەغدا و ریاز بەهۆی پێگەی سیاسی و ئابووریی هەردوو وڵات گرنگییەکی ستراتیژیی تایبەتیان هەیە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، هەردوو وڵات هەنگاوی بەرچاویان ناوە لە بنیاتنانەوەی متمانە و گوتی "سەروەری تەنیا بە مانای هەبوونی هێزی سەربازی نایەت، بەڵکوو توانای بنیاتنانی پەیوەندیی دەرەکیی کاراش دەگرێتەوە. عێراق رێز لە سەروەریی وڵاتانی دیکە دەگرێت هەروەک چۆن داوای ڕێزگرتن لە سەروەریی خۆی دەکات.
زەیدی جەختی کردەوە کە پێگەی جوگرافیی عێراق دەرفەتی ئەوەی پێ دەبەخشێت ببێتە پردێک بۆ پەیوەندی و دیالۆگی نێوان هێزە ئیقلیمییەکان، نەک ببێتە گۆڕەپانی ململانێ و رکابەری یاخود سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ. روونیشیکردەوە کە ئەمەش پێویستی بە دوورکەوتنەوەیە لە بەشداربوون لە میحوەرە دژبەیەکەکان.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە ئاستەنگە ئابوورییەکان کرد و گوتی: ئەو پشێوییە توندەی بەهۆی داخرانی گەرووی هورمزەوە رووبەڕووی بازاڕ و هەناردەی وزە بووەوە، زیانی بە ئابووریی ناوچەکە گەیاند و گرنگیی فرەچەشنکردنی رێڕەوە بازرگانییەکانی سەلماند.
بۆ ئەم مەبەستەش، ئاماژەی بە گرنگیی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی هێڵی گواستنەوە بە وڵاتانی کەنداوەوە کرد. هەروەها رایگەیاند کە راکێشانی وەبەرهێنان پێویستی بە شەڕی گەندەڵی، سەروەریی یاسا و سەقامگیری هەیە، کە ئەمانەش بنەمای سەرەکین بۆ گەیشتن بە قۆناخێکی نوێی هاوبەشی لەگەڵ عەرەبستانی سعوودیە.