تورکیا گیانلەدەستدانی سەربازێکی لە ناوچەی "ئۆپەراسیۆنی چنگ قوفڵ" راگەیاند

وێنەی ئەو سەربازە تورکەی گیانی لەدەست داوە
وێنەی ئەو سەربازە تورکەی گیانی لەدەست داوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیەنراوێکدا گیانلەدەستدانی سەربازێکی وڵاتەکەی پشتڕاست کردەوە.

بەپێی راگەیەنراوەکە، سەربازێک بە ناوی مستەفا ئەسلان لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ قوفڵ، بەهۆی دەستکاریکردنی چەکەوە، گولـلـەی بەرکەوتووە و بە سەختی بریندار بووە.

وەزارەتی بەرگری ئاماژەی بەوە دا، سەرەڕای گەیاندنی بە نەخۆشخانە و هەموو هەوڵە پزیشکییەکان بۆ رزگارکردنی، ئەو سەربازە هەر ئەمڕۆ گیانی لەدەست داوە.

لەمبارەیەوە یەشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا لە پەیامێکدا گوتی، بە ناوی خۆی و وەزارەتی بەرگرییەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی ماڵباتی ئەو سەربازە دەکات و هیوای ئارامی بۆ گەلی تورکیا دەخوازێت. 

مستەفا ئەسلان پلەی سەربازیی عەریفی پسپۆڕی پیادەی هەبووە و لە ناوچە سنوورییەکاندا ئەرکی جێبەجێ کردووە.

سوپای تورکیا لە نیسانی ساڵی 2022ـەوە، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانی لەژێر ناوی (چنگ قوفڵ) لە دژی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەست پێکردووە. ئامانجی سەرەکیی ئەم هەڵمەتە داخستنی تەواوەتیی هێڵی سنووریی تورکیایە بەڕووی جموجووڵی چەکداراندا.