ئەنجوومەنی وەزیران مۆڵەتی سێ مانگ بە خاوەنکاران دەدات

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە لێخۆشبوونی 100%ـی سزای دواکەوتنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کەرتی تایبەت، بۆ ئەم مەبەستەش مۆڵەتی سێ مانگ بە خاوەنکاران دەدات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران و لەسەر داواکارییەکی ئەوان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لێخۆشبوونی 100%ـی سزای دواکەوتنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران و کارمەندانی کەرتی تایبەت دەرکردووە.

هەر لە راگەیەنراوەکەدا وەزارەتەکە داوا لە سەرجەم خاوەنکاران و شوێنکارەکان دەکات، سوود لەم دەرفەتە وەربگرن و لە ماوەی 90 رۆژدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بکەن. هاوکات سوپاسی سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی و ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیرانیان کرد بۆ دەرکردنی ئەو بڕیارە ئاسانکارییە.

لە هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، پێویستە خاوەنکاران مانگانە بڕێک پارە بۆ کرێکار و کارمەندەکانیان وەک دەستەبەری کۆمەڵایەتی (خانەنشینیی کەرتی تایبەت) بدەنە حکوومەت. ئەگەر خاوەنکارێک لە کاتی خۆیدا ئەو پارەیە نەدات، رووبەڕووی سزای دارایی دەبێتەوە و پارەیەکی زیاتری دەچێتە سەر. 

لە ماوەی رابردوودا بەهۆی سستیی بازاڕ و قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانەوە، بەشێکی زۆر لە کۆمپانیا و شوێنکارەکان نەیانتوانیوە پابەندی پێدانی ئەو بڕە پارەیە بن و سزایەکی زۆریان کەوتووەتە سەر. بڕیارە نوێیەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت بۆ ئاسانکاریکردن لە بەردەم کەرتی تایبەت و هاندانی خاوەنکاران بۆ ئەوەی کرێکارەکانیان لە پرۆسەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار بکەن، تاوەکو لە داهاتوودا مافی خانەنشینبوونیان بۆ دابین بکرێت.