گوتەبێژی سوپای پاسداران: دوای جەنگی چل رۆژە چەکی زۆر پێشکەوتووترمان بەدەست هێناوە
گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران، حوسێن موحیبی، رایگەیاند، وڵاتەکەی دوای "جەنگی چل رۆژە" توانیویەتی چەکی زۆر پێشکەوتووتر بەدەست بهێنێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (Tehran Talk)دا، حوسێن موحیبی رایگەیاند "سەرەڕای ئەوەی هەڵگیرسانی جەنگێکی نوێ دژی ئێران بۆ ئەمریکا کارێکی لۆژیکی نییە، بەڵام ئەگەری روودانی هەیە؛ چونکە ئیدارەی ترەمپ پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول پێویستی بە دەستکەوتێک هەیە."
حوسێن موحیبی جەختیکردەوە، ئێران ئامادەیە بە هێزێکی زیاتر لە جاران وەڵامی هەر دەستدرێژییەکی نوێ بداتەوە، ئەمجارە لێکەوتەکانی بۆ سەر ئەمریکا زۆر بەئازارتر دەبێت.
گوتیشی "لە میانی جەنگی چل رۆژەدا، ئێران بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی بە چەکەکانی نەوەی کۆن بەستبوو، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا توانیومانە چەکی زۆر پێشکەوتووتر بەدەست بهێنین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کرد، رای گشتیی ئەمریکا بێبەش کراوە لە تێگەیشتنی راستەقینە بۆ جەنگە دەرەکییەکانی وڵاتەکەی، چونکە میدیا سەرەکییەکان بە شێوەیەکی چالاکانە راستیی ئەم جۆرە دەستدرێژییە دڕندانەیە دەشارنەوە.
ۆوسێن موحیبی لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکای سەبارەت بە بوونی ناکۆکی و نەبوونی هاوکاری لە نێوان بەرپرسانی ئێرانیدا بە "درۆ" وەسف کرد، و پێی وایە ئەو قسانە تەنیا بە مەبەستی پاساوهێنانەوە بۆ شکستەکانی واشنتن لە جەنگەکەدا دەکرێن.