ئەنجوومەنی وەزیران: دەبێت 14.14% ببێتە بنەمای دیاریکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی فیدڕاڵدا
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان: جەخت لە بەردەوامبوونی دانوستانەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ دەکەینەوە
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتیدەکاتەوە کە رێژەی راستەقینەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 14.14% دەبێت، ببێتە بنەمای دیاریکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی فیدڕاڵدا. هەروەها مووچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەران، پێشمەرگە، خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان و پلەی وەزیفیی و تەخانکراوە داراییەکان بە یەکسانی دابین بکرێت، بە هەمان پێوەری هاوشێوەکانیان لە بەشەکانی دیکەی عێراق و بەبێ بەستنەوەی بە ناکۆکیی و دانانی کۆتوبەندی ناڕەوا، ئەویش بە پشتبەستن بە دەستوور، یاسا و بڕیارە پابەندکارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2026، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، دوا پێشهات و ئەنجامەکانی دانوستانەکانی نێوان شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ، سەبارەت بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای بودجەی گشتی فیدڕاڵی عێراق بۆ ساڵی 2027 خرایە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران.
لەمبارەیەوە، شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێم، راپۆرتێکی لەسەر ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەم دواییە لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و ئەو دەق و پێشنیارانەی تا ئێستا خراونەتە روو، پێشکەش کرد. دوای گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی ئەنجامی دانوستانەکان، ئەنجوومەنی وەزیران تێبینی و نیگەرانییەکانی خۆی لەسەر هەندێک لە دەق و ئاڕاستە پێشنیارکراوەکان دەربڕی و جەختی لە پێویستیی رەچاوکردنی ماف و شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە.
ئەنجوومەنی وەزیران، دووپاتی دەکاتەوە کە رێژەی راستەقینەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، بەپێی ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی ساڵی 2024، بریتییە لە 14.14% و دەبێت ئەم رێژەیە، ببێتە بنەمای دیاریکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی فیدڕاڵیدا.
هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە مووچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەران، پێشمەرگە، خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان و پلەی وەزیفیی و تەخانکراوە داراییەکان بە یەکسانی دابین بکرێت، بە هەمان پێوەری هاوشێوەکانیان لە بەشەکانی دیکەی عێراق و بەبێ بەستنەوەی بە ناکۆکیی و دانانی کۆتوبەندی ناڕەوا، ئەویش بە پشتبەستن بە دەستوور، یاسا و بڕیارە پابەندکارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی.
ئەنجوومەنی وەزیران، پشتیوانی خۆی بۆ شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و جەختی لە بەردەوامبوونی دانوستانەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ کردەوە، بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و دەستووری، کە ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیانی بپارێزێت و چارەسەرێکی هەمیشەیی و جێگیر و دادپەروەرانە بۆ کێشە داراییەکان دابین بکات.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پەسەند کرد، سەبارەت بە لێخۆشبوون لە تەواوی سزاکانی دواکەوتن لە پێدانی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بە مەرجێک لە 90 رۆژی کاردا، تەواوی قەرزە کەڵەکەبووەکانیان بدەنەوە بە سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی.
مەبەست لەم بڕیارە، ئاسانکاریکردن بۆ خاوەنکاران و هاندانیانە بۆ پابەندبوون بە پێدانی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و زیادکردنی داهاتەکانی سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، کە داهاتەکانی ئەم سندوقە، بۆ خزمەتکردنی کرێکاران و پاراستنی ماف و شایستەکانیان و دابینکردنی مووچەی خانەنشینییان بەکاردەهێنرێت.