هەرێمی کوردستان ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەران دەکات

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شاندێکی هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکا - کوردستان و ئەمریکا - سووریا کۆبووەوە و، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە فراوانکردنی ئاستی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی، برەودان بە چالاکیی کۆمپانیا ئەمریکییەکان و پێشکەشکردنی هەموو جۆرە ئاسانکارییەک بە وەبەرهێنەران کرایەوە.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکا - کوردستان و ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکا-سووریا کرد.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، دەیڤد تەفوری، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکا - کوردستان، بە ناوی شاندەکەوە خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانیکردنی هەرێمی کوردستان دەربڕی و کورتەیەکی لە بارەی ئامانجی سەردانەکەیان بۆ سووریا و هەرێمی کوردستان خستە ڕوو.

لە میانەی گفتوگۆکاندا، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا کردەوە، بە تایبەت لە رێگەی پەرەپێدانی جموجۆڵی بازرگانی، فراوانکردنی چالاکیی کۆمپانیا ئەمریکییەکان و، راکێشانی زیاتری سەرمایە و وەبەرهێنانی ئەمریکی بۆ هەرێمی کوردستان.

لای خۆیەوە، سەرۆکی حکوومەت وێڕای ئاماژەدان بە دواهەمین پەرەسەندن و گۆڕانکارییە هەنووکەییەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە بە گشتی، دووپاتی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی ئاسانکارییە پێویستەکان پێشکەش بە وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە دەکات، بە مەبەستی گەشەپێدانی پڕۆژەکان لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا و دەستەبەرکردنی هەلی کاری زیاتر بۆ هاووڵاتییان.