موسەننا سامەڕایی دووشەممەی داهاتوو دادگایی دەکرێت

رۆژی دووشەممەی داهاتووی وەک وادەی دادگاییکردنی موسەننا سامەڕایی، پەرلەمانتار دیاریی کرا؛ هاوکات بڕیارە عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت شانبەشانی چوار کەسی دیکە وەک شایەتحاڵ لە دانیشتنەکەدا ئامادە بن.

دادگای تاوانەکانی کەرخ، رۆژی دووشەممەی داهاتوو 19ـی تشرینی یەکەمی 2026ـی وەک وادەی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگاییکردنی موسەننا سامەڕایی، پەرلەمانتار و سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم دیاریی کرد.

بە پێی بەڵگەنامەیەکی فەرمیی دادگاکە، رێکارەکانی دۆسیەکە لە قۆناخی کۆتاییدان و لە دانیشتنەکەدا عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، وەک شایەتحاڵی سەرەکی شانبەشانی چوار کەسی دیکە لە بەردەم دادوەردا ئامادە دەبن بۆ پێشکەشکردنی شایەتییەکانیان.

هەر بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەکە، دادگا داواکارییەکی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی کردووە بۆ ئەوەی رێوشوێنی ئەمنیی پێویست بگرێتەبەر و ئامادەبوونی موسەننا سامەڕایی و ئەو کەسانەی ناویان لە لیستی شایەتحاڵەکاندایە دەستەبەر بکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە سەرجەمیان ئیستا لە بەڕێوەبەرایەتییەکەدا دەستبەسەرن و راگیراون.

ئەمەش لە کاتێکدایە، کاتژمێر 2ـی بەرەبەیانیی 28ـی حوزەیرانی 2026،  دژەتیرۆری عێراق ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی لە ناوچەی سەوز دەستپێکرد و ژمارەیەک بەرپرس و پەرلەمانتار و سەرۆک حزبی دەستگیر کرد.