کونسوڵی تورکیا: پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا بەهێزن
کونسوڵی گشتیی تورکیا، جەخت لە بەهێزیی پەیوەندییە مرۆیی و ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت؛ تورکیا هەمیشە ئامادەیە بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستاندا.
چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئارمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24، ئاماژەی بەوە کرد، هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان زۆرترین گەشتیار رووی تێدەکەن، بە تایبەت گەشتیارانی وڵاتانی کەنداو.
لە بارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا، ئارمان تۆپچو گوتی: "بێگومان ئێمە لەگەڵ خەڵکی ئێرە پەیوەندی خزمایەتیمان هەیە، لە ئەنجامدا ئێمە هەمان گەلین. لێرە خەڵکەکە چی تورکمان بن یان کورد، خزمەکانیان لە تورکیا دەژین. هاتووچۆیەکی زۆر هەیە. ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی، پەیوەندییەکی بەهێزی ئابووری و مرۆیی لە نێوانمان".
هاوکات جەختی لەوە کردەوە، تورکیا چ لە رێی کۆمپانیاکانییەوە بێت یان دامەزراوە فەرمییەکانی، هەمیشە ئامادەیە بۆ یارمەتیدان و پشتیوانیکردن لە پێناو پەرەپێدانی توانای دامەزراوەیی لە کەرتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستاندا.
کونسوڵی گشتیی تورکیا، هاوکات تیشک دەخاتە سەر کاریگەریی پێشهاتەکانی ناوچەکە و ئێران لەسەر دۆخی ئابووری و جەخت لەوە دەکاتەوە، کە چارەکردنی کێشەکان و گەیشتن بە رێککەوتن لە نێوان بەغدا و هەولێر لەم قۆناخەدا گرنگە.