گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ئێران و عومان دەستپێدەکەنەوە

دواجار لە درێژەی گفتوگۆ و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و سەڵتەنەی عومان رێککەوتن کراوە، بۆ ئەوەی لەم نزیکانە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان فڕۆکەخانەکانی تاران و مەسقەت دەستپێبکەنەوە.

میدیا فەرمییەکانی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، بڵاویانکردەوە، دوای زیاتر لە مانگێک تێپەڕبوون بە سەر راوەستانی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان مەسقەت و تاران، شاندی دانوستانکاری هەردوو وڵات رێککەوتن بۆ ئەوەی بەمنزیکانە گەشتەکان دەستپێبکەنەوە، بەڵام هێشتا وردەکاریی تەواو لە بارەی کاتی دەستپێکردنەوەی گەشتی ئاسمانی کۆمپانیا فڕۆکەوانییە مەدەنییەکانی عومان ئاشکرا نەکراوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، لە قۆناخی یەکەمدا، گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی مەسقەتەوە بۆ تاران دەستپێدەکەنەوە، بەڵام کاتی گەشتی پێچەوانە لەلایەن کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی مەدەنی ئێران بۆ فڕۆکەخانەی مەسقەت دیاری نەکراوە.

سێشەممە، 22ـی ئەیلوولی رابردوو، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە عێراق و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەسقەت لە عومان، گەشتە ئاسمانییەکانیان لەگەڵ ئێران راگرت و خشتەی پێشوازیی ئەو گەشتانەیان هەڵوەشاندووەتەوە، کە بڕیاربوون لە تارانەوە بکرێن.

هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان، بە گوتەی سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لەسەر بڕیارێکی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بوو، بۆ چڕکردنەوەی گوشارەکانی لەسەر تاران و جێبەجێکردنی سیاسەتی دابڕینی ئێران لە هەموو پەیوەندییە دەرەکییەکان.