پاکستان و سعوودیە هەماهەنگییە سەربازی و ستراتیژییەکانیان تۆکمەتر دەکەن
سەرۆکوەزیرانی پاکستان، جەختی لەوە کردەوە بە پێی رێککەوتننامەی مەککە، ئیسلامئاباد لە پشت ریازەوە دەوەستێت بۆ پاراستنی سەروەری، ئاسایش و یەکپارچەیی خاکەکەی، هاوکات پشتیوانیی بێمەرجی وڵاتەکەی بۆ مافی رەوای سعوودیە لە بەرگریکردن لە خۆی دووپات کردەوە.
چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نەعمان مەحموود، ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی بەرگریی مەککە، لە ئیسلامئاباد، دووپاتی کردەوە، وڵاتەکەی بە تەواوی پشتیوانی لە مافی رەوا و شەرعیی سعوودیە دەکات لە بەرگریکردن لە خۆی، هاوکات پابەندبوونی پتەو و نەگۆڕی ئیسلامئابادی بە پاراستنی سەروەری، ئاسایش و تەواویەتیی خاکی شانشینەکە دووپات کردەوە.
لای خۆیەوە، نەعمان مەحموود کورتەیەکی لەبارەی ستراتیژی تایبەت بە پتەوکردنی هاوکارییە بەرگری و ستراتیژییەکان لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی بەرگریی مەککەدا خستە بەردەم سەرۆکوەزیرانی پاکستان.
محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشین و سەرۆکوەزیرانی سعوودیە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، لە 7ـی ئابی رابردوودا رێککەوتننامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەشیان واژۆ کرد؛ کە رەنگدانەوەی پەرۆشیی هەرسێ وڵاتە بۆ پتەوکردنی ئاسایشی هاوبەشیان و چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سعوودیە (واس)، ئامانجی سەرەکیی ئەم رێککەوتننامەیە بەهێزکردنی توانای بەرپەرچدانەوەی هاوبەشە دژ بە هەر دەستدرێژییەک.
بە پێی رێککەوتننامەکە، هەر پەلامارێکی چەکداری بۆ سەر هەر یەکێک لەم سێ وڵاتە، بە هێرش بۆ سەر هەرسێکیان هەژمار دەکرێت.