بارانبارینی بەخوڕ چەندین ناوچەی ئیستانبوڵی نقومی ئاو کرد

بارانبارینێکی بەخوڕ، هاتوچۆی هاووڵاتییان و ئۆتۆمبێلی لە شاری ئیستانبوڵ پەکخست و شەقامەکانی گۆڕی بۆ گۆماوی گەورەی ئاو؛ بەهۆی ژێرئاوکەوتنی سەدان ئۆتۆمبێل، داڕمانی رێگاوبانەکان، پارێزگاری شارەکە دەوامی سەرجەم قوتابخانەکانی بۆ سبەی پێنجشەممە راگرت و داوای لە هاووڵاتییان کرد ئەگەر کارێکی زۆر گرنگیان نەبێت با لە ماڵەکانیان بمێننەوە و نەیەنە دەرەوە.

زریانێکی بەهێز و بارانبارینێکی بەخوڕ کە بە درێژایی ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە شاری ئیستانبوڵ بەردەوام بوو، هاتوچۆی هاووڵاتییان و ئۆتۆمبێلی پەکخست. لە کاتێکدا شەقامەکان بوونە گۆماو، رووبار و چەمەکان سەرڕێژ بوون و ئۆتۆمبێلەکان نوقمی ئاو بوون، قەرەباڵغیی هاتووچۆ لە شارەکەدا گەیشتە رێژەی 87%.

 

پشووی فەرمی و قەدەخەی هاتوچۆی ماتۆڕسکیل

داود گوڵ، پارێزگاری ئیستانبوڵ رایگەیاند: بەهۆی بارودۆخی نالەباری کەشوهەواوە، سبەی دەوامی خوێندن لە سەرجەم قوتابخانە حکوومی و تایبەتەکان رادەگیرێت.

هاوکات دەڵێت: بڕیار درا بە پێدانی مۆڵەتی فەرمی بەو فەرمانبەرانەی خاوەن پێداویستیی تایبەتن، ئافرەتانی دووگیان و، ئەو دایکانەی منداڵی خوار 8 ساڵیان هەیە؛ هاوکات لە کاتژمێر 9ـی شەو بەدواوە، هاتوچۆی ماتۆڕسکیل تا ئاگادارییەکی تر قەدەخە کرا.

داوای لە دانیشتووانی نهۆمی ژێرزەمینەکانی باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون کرد، ئەمشەو لە نهۆمە بەرز و پارێزراوەکاندا بەسەر بەرن، لە کەناری چەمەکان، ژێرپردەکان و ئەو شوێنانەی مەترسیی کۆبوونەوەی ئاویان هەیە دوور بکەونەوە.


سەرڕێژبوونی چەمەکان، داڕمانی رێگا و ژێرئاوکەوتنی ئۆتۆمبێلەکان

لە ناوچەی سارییەر و بەتایبەت لە گەڕەکی "ئایازئاغا"، لافاو لە ماوەی چەند خولەکێکدا شەقامەکانی کردە دەریاچە، بە جۆرێک دەیان ئۆتۆمبێلی وەستاو لە شەقام، تا ئاستی سەقفەکانیان ژێرئاو کەوتن.

هاوکات لە شەقامی سەرەکیی "ئەیوب سوڵتان"، بەهۆی لێزمە بارانەوە بەشێکی رێگاکە داڕما و چاڵێکی گەورە دروست بوو کە بووە هۆی راگرتنی تەواوەتیی هاتوچۆ؛ هێزەکانی پۆلیس دەستبەجێ ناوچەکەیان گەمارۆ دا تا رێگری لە کەوتنەخوارەوەی ئۆتۆمبێلەکان بکەن.

لە ناوچەکانی بەیکۆز-ریڤا و بایرامپاشا، لافاو زیانی قورسی بە قیڕی شەقامەکان گەیاند و چووە نێو دەیان دووکان و شوێنی بازرگانی، بە جۆرێک کاسبکاران بە سۆندە و گسکەوە سەرقاڵی دەرهێنانی ئاو لە نێو دووکانەکانیان بوون.