ئوسترالیا لێکۆڵینەوە لە دۆزینەوەی کامێرا لە کەشتییەکی سەربازی دەکات
وەزارەتی بەرگریی ئوسترالیا لێکۆڵینەوەیەکی فەرمیی بەرفراوانی دەستپێکرد، ئەمەش دوای ئەوە دێت کامێرایەکی چاودێریی نهێنی لە شوێنی خۆگۆڕین و گەرماوی ئافرەتان لەسەر کەشتییەکی هێزی دەریاییی شاهانەی ئوسترالیا دۆزرایەوە. رووداوەکە ناڕەزایەتی و نیگەرانیی لەنێو ناوەندە سیاسی و سەربازییەکانی ئەو وڵاتەدا دروست کرد.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری وەزارەتی بەرگریی ئوسترالیا بڵاویکردەوە، ئامێرەکە لەسەر کەشتیی نەخشەسازی و پشکنینی دەریایی "ئێچ ئێم ئەی ئێس لیوین" دۆزراوەتەوە، کە لە بنکەی دەریایی کێرنز لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوسترالیا لەنگەری گرتووە. وەزارەتەکە لە بەیاننامە سەرەتایییەکەیدا هیچ وردەکارییەکی تەکنیکیی لەبارەی سروشتی ئامێرەکە یان چۆنیەتیی دانانی ئاشکرا نەکرد.
ئەم راگەیەندراوە فەرمییە چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات جاکی لامبی، ئەندامی پەرلەمانی ئوسترالیا لە دانیشتنێکی گوێگرتندا ئاشکرایکرد، نامەیەکی نهێنیی لە ئەندامێکی پێشووی هێزی دەریایی پێگەیشتووە، کە تێیدا هاتووە کامێرای نهێنی لە گەرماوی ئافرەتان لەسەر ئەو کەشتییەدا دۆزراونەتەوە.
لامبی نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر بەم دۆسیەیە دەربڕی و گوتی: "ئەوەی نیگەرانییەکی زیاتر و قووڵتر دروست دەکات، ئەو دەنگۆیانەیە باس لەوە دەکەن وێنە و گرتە بەهۆی ئەو کامێرا نهێنییانەوە گیراون و پێش ئەوەی بەرپرسان بتوانن ئامێرەکان بدۆزنەوە و لایان ببەن، لە ئینتەرنێت و سەکۆ دیجیتاڵییەکاندا بڵاوکراونەتەوە."
وەزارەتی بەرگریی ئوسترالیا لە وەڵامی ئەم زانیارییانەدا جەختیکردەوە، بە جددییەتێکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم رووداوە دەکەن. وەزارەتەکە پابەندبوونی خۆی بە یاسا ناوخۆیییەکان دووپاتکردەوە و رایگەیاند، دامەزراوەی سەربازی هەرگیز لێبووردەیی بۆ هیچ رەفتارێکی نەگونجاو نانوێنێت، بێ ئەوەی رەچاوی رتبە یان پۆستی تۆمەتبار بکرێت، هەروەها بەڵێنیدا دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، سەرجەم ئەوانەی تێوەگلاون رووبەڕووی دادگا بکاتەوە.