ئەمریکا گەورەترین چەکی نائەتۆمی بۆ لێدانی ژێرخانی ئێران ئامادە دەکات

تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە، ئیدارەی ئەمریکا تاوتوێی بەکارهێنانی بۆمبی "جی بی یو-43/بی" ناسراو بە دایکی بۆمبەکان دژی ئێران دەکات.

تۆڕەکە بە پشتبەستن بە لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکی روونیکردەوە، سوپای ئەمریکا پلانی هێرشکردنەسەر ژێرخانی وزە و پێگە ئەتۆمییەکانی ئێرانی ئامادەکردووە. جێبەجێکردنی ئەم پلانە پەیوەستە بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.

بەرپرسان بە سی ئێن ئێنیان گوتووە، سوپای ئەمریکا بەردەوامە لە پێشکەشکردنی بژاردە سەربازییەکان بە ترەمپ. سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی بە فەرماندە سەربازییەکان کردووە بژاردەی زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران ئامادە بکەن، کە لەنێویاندا لێدانی ژێرخانە گرنگەکانی ئەو وڵاتە هەیە.

بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە سی ئێن ئێنی راگەیاند، واشنتن خۆی بۆ سیناریۆی بەرفراوان دژی ئێران ئامادەدەکات و سوپای ئەمریکا بۆ هەر کاردانەوەیەکی تاران ئامادەباشیی تەواوی هەیە. ئەو بەرپرسە روونیکردەوە، ئەو ئامانجانەی دژی ئێران دیاریکراون، پێویستیان بە بەکارهێنانی "دایکی بۆمبەکان" هەیە.

سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە، بەکارهێنانی ئەم بۆمبە کە گەورەترین چەکی نائەتۆمییە لە جبەخانەی ئەمریکادا، دۆخەکە دەگەیەنێتە ئاستێکی مەترسیدار. سەرەڕای ئەمەش، ئەو بەرپرسانەی لە وردەکاریی پلانە سەربازییەکان ئاگادارن، گومانی خۆیان لەبارەی کاریگەریی ئەم بۆمبە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژییەکانی واشنتن نەشاردووەتەوە و هێشتا ئەم پرسە بەکراوەیی ماوەتەوە.