ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بۆ تەواوکردنی کابینەکەی زەیدی کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، پەرلەمانی عێراق بۆ تەواوکردنی کابینەکەی زەیدی کۆدەبێتەوە و دەنگ بە ژمارەیەک وەزیر و جێگرانی سەرۆکوەزیران دەدات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، دەزگاکانی راگەیاندن رێگەیان پێنادرێت لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا ئامادە بن. کارنامەی دانیشتنەکە تایبەت کراوە بە دەنگدان لەسەر بەربژێرانی پۆستی جێگرانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەو وەزارەتانەی تا ئێستا بەتاڵن، هەروەها دەنگدان لەسەر پێکهێنانی وەزارەتە نوێیەکان.

ئەم دانیشتنە لە چوارچێوەی وەرزی دووەمی یاسادانانی ساڵی یەکەمی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق رێک خراوە و ئامانج لێی تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەی وەزارییە.

سائیر جاسم، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند، بەربژێرانی پێکهاتەی شیعە یەکلابوونەتەوە و هیچ گۆڕانکارییەک لە ناوەکانیاندا نەکراوە.