پێشانگایەکی هونەریی تێکەڵەی نیگارکێشی و خۆشنووسی لە سنە کرایەوە

بە بەشداریی هەشت هونەرمەند لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان پێشانگایەکی هونەریی جیاواز کراوەتەوە. تابلۆکانی ئەم پێشانگایە تێکەڵەیەکن لە هەردوو هونەری نیگارکێشی و خۆشنووسی. لەم شێوازەدا، دەقێک کە زۆربەی کات پارچە شیعرێکی کوردی یا فارسییە، بە شێوازێکی هونەری و لە شێوەی تابلۆیەکی شێوەکاریدا بە خەتێکی جوان دەنووسرێت.

پێشانگایەکی جیاواز لە نیگارخانەی تەلاوی هونەری شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراوەتەوە. ئەو تابلۆ هونەرییانەی لەم پێشانگایە نمایش کراون، تێکەڵەیەک لە دوو هونەری نیگارکێشی و خۆشنووسین. هونەرێک کە هونەرمەندانی ئەم بوارە پێی دەڵێن نیگارکێشیی خەت. لەم شێوازەدا دەقێک کە زۆربەی کات پارچە شیعرێکە بە شێوازێکی هونەرمەندانە و بە خەتێکی جوان دەنووسرێتەوە و شێوەی تابلۆیەکی شێوەکاری وەردەگرێت یاخود دەقەکە لەگەڵ هێندێک دیمەنی شێوەکاری تێکەڵ دەکرێت،

فایق خالیدی هونەرمەند و مامۆستای زانکۆبە کوردستان24ـی راگەیاند؛ پێشانگاکە بە هەوڵی مامۆستا فایق خالیدی و حەوت کەس لە هونەرخوازانی بەڕێوە چووە. پێنج کەس لەم هونەرمەندانە ئافرەتن. ئەم سێهەم پێشانگای ئەم گرووپەیە و بە گشتی 33 تابلۆ هونەریی تێدا نمایش کراوە. 

لەیلا نوورەدین هونەرمەند دەڵێت؛ لەم تابلۆیانەدا شیعری شاعیرانی کلاسیک و هاوچەرخی کورد و فارس، بە چەندین شێوازی جیاوازی خۆشنووسی لەوانەش خەتتی نەستەعلیق، نەسخ و سولس بە شێوەیەکی هونەری بەکار هاتوون. پێشانگاکە هەموو رۆژێ لە کاتژمێر چوار تا حەوتی ئیوارە بە رووی هاووڵاتییاندا دەکرێتەوە و ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت.