سوپای بێلارووس دژە درۆنێکی لێزەریی دادەنێت کە توانای سووتاندنی درۆنی هەیە

رووسیا و بێلارووس هێزە چەکدارەکانیان بە سیستەمی لێزەریی پێشکەوتووی "شافران" پڕچەک دەکەن، کە توانای دۆزینەوەی درۆنەکانی لە دووری 4500 مەتر و سووتاندنیانی لە دووری 1500 مەتردا هەیە.

دمیتری بانتوس، سەرۆکی کۆمیتەی دەوڵەت بۆ پیشەسازییە سەربازییەکان لە بێلارووس، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەڤزیۆنی "بێلارووس-1" رایگەیاند؛ سیستەمی لێزەریی "شافران" کە دەستکردی وڵاتەکەیانە، بە فەرمی چووەتە خزمەتی سەربازییەوە. ئاماژەی بەوەش دا، سیستەمەکە توانای ئەوەی هەیە لە رێگەی رادار و ئامێرە ئۆپتیکی و ئەلیکترۆنییەکانەوە لە دووری تاوەکو 4500 مەتر درۆنەکان بدۆزێتەوە و بە ئامانجیان بگرێت.

بانتوس روونیشی کردەوە کە پرۆسەی پەرەپێدان و نوێکردنەوەی سیستەمەکە بەردەوامە بە مەبەستی زیاترکردنی توانای سووتاندن، زیادکردنی مەودا و بەرزکردنەوەی تایبەتمەندییە تەکنیکی و تاکتیکییەکانی.

ئەم سیستەمە کە لە لایەن سەنتەری "LEMT"ی سەر بە کۆمپانیای "BelOMO" پەرەی پێ دراوە، پشت بە تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرد دەبەستێت بۆ دەستنیشانکردن و شوێنکەوتنی خێرای ئامانجە ئاسمانییە نزمەکان. هەروەها دەکرێت لەگەڵ هەر سیستەمێکی دیکەی بەرگریی ئاسمانیی ئامادەکراودا بەئاسانی یەکبخرێت.

شایەنی باسە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2025دا ئەم سیستەمە تاقی کردنەوە مەیدانییەکانی بەسەرکەوتوویی تێپەڕاند. هەروەها لە مانگی ئەیلوولی هەمان ساڵدا لە میانی مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکانی نێوان رووسیا و بێلارووس بە ناوی "Zapad-2025" (ڕۆژئاوا-2025) بە کرداری بەکار هێنرا و رادەی کارایی بەرزەکەی لە پێكانی ئامانجە ئاسمانییەکاندا سەلمێنرا.

گرنگترین تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی سیستەمی 'شافران':
جۆر: سیستەمی لێزەریی جەنگیی دژە درۆن (C-UAS).
وڵاتی دروستکەر: بێلارووس.
رێگەی کارکردن: تێکشکاندن و سووتاندنی ئامانجەکان بە تیشکی لێزەریی ووزەبەرز.
مەودای دۆزینەوە: تاوەکو 4500 مەتر (4.5 کیلومەتر).
مەودای پێکانی کارا: تاوەکو 1500 مەتر (1.5 کیلومەتر).
تەکنەلۆژیا: بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بۆ رێنوێنیکردنی خێرا و شوێنکەوتنی وردی ئامانجەکان.