لە بەریتانیا رۆژانە نزیکەی 55 هەزار دزیی دەکرێت

نیگەرانییەکان لە بەریتانیا سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی دیاردەی دزینی کەل و پەلی دوکانەکان لە هەڵکشاندایە، بە جۆرێک مەزەندە دەکرێت رۆژانە نزیکەی 55 هەزار رووداوی دزی رووبدات و زیانی ساڵانەشی بە ملیاران پاوەندی ئیستەرلینی دەخەمڵێندرێت. ئەم دۆخە گومانەکانی لەبارەی کاریگەریی یاساکان و توانای پۆلیس بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو تاوانانە زیاتر کردووە.

بەپێی خەمڵاندنەکانی کەرتی بازرگانیی بەریتانیا، بەهای ئەو کاڵایانەی ساڵانە دەدزرێن نزیکەی 2.2 ملیار پاوەندی ئیستەرلینییە. دوکانەکان نزیکەی 1.8 ملیار پاوەند بۆ رێوشوێنەکانی ئەمنی و پاراستن خەرج دەکەن، کە کامێرای چاودێری و پاسەوان و سیستەمەکانی دژە دزی لەخۆ دەگرێت.

بوگوێرەی داتا فەرمییەکانی بەریتانیا لە 2025، 530 هەزار و 643 تاوانی دزی لە دوکانەکانی ئینگلتەرا و وێڵز تۆمار کراوە، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە، پێشبینی دەکرێت ژمارەی راستەقینە لەوە زیاتر بێت، چونکە هەموو رووداوەکان تۆمار ناکرێن.

نیگەرانییە ئەمنییەکان تەنیا دزیی دوکانەکان ناگرێتەوە، بەڵکو لە لەندەن دزینی مۆبایل زۆر بەربڵاوە، ئەمەش بەرپرسانی ناچار کردووە هەوڵەکانیان بۆ بەدواداچوونی ئەو تۆڕانە چڕ بکەنەوە کە لە بازرگانیکردن بە ئامێرە دزراوەکان تێوەگلاون و هەماهەنگیش لەگەڵ کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان بەهێز بکەن.

ئەحمەد یاسین، شارەزای ئابووریی سیاسی، بە سکای نیوزی راگەیاند، دزیی دوکانەکان بووەتە دیاردەیەک کە لێکەوتەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئەمنیی هەیە، ئەو پێی وایە حکوومەتەکانی بەریتانیا لە رابردوودا لە سنووردارکردنی ئەو دیاردەیە سەرکەوتوو نەبوون.

ئەحمەد یاسین روونیکردەوە، لاوازیی رێوشوێنە یاساییەکان و ئەو گوشارانەی لەسەر پۆلیس هەن، دەبنە هۆی ئاڵۆزتربوونی کێشەکە، بە جۆرێک هەندێک لە زیانلێکەوتووان گومانیان لە سوودی سکاڵاتۆمارکردن لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە هەیە.

ئەو شارەزایە بەرزبوونەوەی ئەم دیاردەیەی بە خراپبوونی دۆخی ئابووری و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیانەوە بەستەوە و ئاماژەی بە فراوانبوونی جیاوازیی نێوان داهاتی خێزانەکان و خەرجییە پێویستەکان کرد.

بە گوتەی ئەحمەد یاسین، قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانی ئابووری، لە قەیرانی دارایی جیهانیی 2008ـەوە تا دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا و پەتای کۆرۆنا و لێکەوتەکانی جەنگی ئۆکرانیا، بەشدارییان لە زیادبوونی گوشارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان کردووە.