مەسک: کاتی ئەوە هاتووە زێلێنسکی دەسەڵات جێبهێڵێت

ئیلۆن مەسک، دامەزرێنەری کۆمپانیای سپەیس ئێکس رایگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دەسەڵات بەجێبهێڵێت.

لێدوانەکەی ماسک لە وەڵامی پۆستێکی بەکارهێنەرێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس هات، کە ئاماژەی بە قسەکانی زێلێنسکی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پیرس مۆرگان، پێشکەشکاری بەریتانی کردبوو. ئەو بەکارهێنەرە نووسیبووی، ترسی سەرەکیی زێلینسکی کۆتاییهاتنی جەنگ و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییە.

مەسک لە وەڵامدا نووسی: "بەو شێوەیە کوشتن بەردەوام دەبێت و کاتی ئەوە هاتووە زێلێنسکی بڕوات".

چوارشەممەی رابردوو، سێرگی ستێرنینکۆ، جێگری پێشووی وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا رایگەیاند، سنووردارکردنی شەوانە بۆ کارکردنی وێستگەکانی ستارلینکی سەر بە کۆمپانیای سپەیس ئێکس سەپێندراوە. ستێرنینکۆ روونیکردەوە، کاتێک خێرایی پەیوەندییەکە لە 160 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا تێپەڕ دەکات، پەیوەندییەکە دەپچڕێت، ئەوەش ئاستەنگی بۆ هێزەکانی ئۆکرانیا دروستکردووە و پرۆسەکانی دابینکردن و گەیاندنی سنووردار کردووە.

سەرچاوەیەکی سەربازیی ئۆکرانیا بە سی ئێن ئێن-ی راگەیاند، هێزەکانی ئۆکرانیا بەهۆی ئەو سنووردارکردنانەی خراونەتە سەر کارکردنی وێستگەکانی ستارلینک، رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بوونەتەوە.

لە وەڵامی رەخنەکانی کیێڤ-دا، مەسک جەختی کردەوە، خزمەتگوزاریی ستارلینکی تەنیا بۆ مەبەستی مەدەنی یان بەرگری تەرخانکراوە و ناکرێت بۆ ئۆپەراسیۆنی هێرشبەرانە بەکاربهێنرێت، چونکە پێی وایە ئەو جۆرە بەکارهێنانە لەگەڵ سروشتی خزمەتگوزارییە بازرگانییەکەیدا ناگونجێت.

پۆلیتیکۆ بڵاویکردەوە، ئەمریکا ئەگەری هەیە کیێڤ لە زانیارییە هەواڵگرییەکان و دەستگەیشتن بە خزمەتگوزاریی ستارلینکی بێبەش بکات.