دادگاییکردنی لاهور و 11 تۆمەتباری دیکە بەرێوەدەچێت

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، دادگای تاوانەکانی سلێمانی بۆ هەشتەمین جار لەبارەی دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوانی لالەزار کۆدەبێتەوە.

دانا تەقیەدین، ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی، بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگای تاوانەکانی سلێمانیدا، تێنووسی بەرگریی پارێزەران و لائیحەی داواکاری گشتی دەخوێنرێتەوە.

ئەو ئەندامەی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی روونیکردەوە، دادگا راوێژی خۆی لەبارەی دانیشتنی ئەمڕۆ دەکات و بڕیار دەدات، بەڵام هێشتا روون نییە بڕیاری کۆتایی لەم دانیشتنەدا دەدرێت یان دەکەوێتە دانیشتنێکی دیکە.

پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، هۆکاری دواخستنی حەوت دانیشتنی رابردووی دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزار، بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان بووە لەلایەن دادوەرانەوە. هاوکات لە دانیشتنەکانی پێشوودا گوتەی 12 گیراو وەرگیراوە، کە ئەمەش کاتی پێویستی خایاندووە.

پارێزەران دەڵێن، هیچ بابەتێک نەماوە لە دادگا قسەی لەسەر بکرێت و گوتەی سەرجەم 12 تۆمەتبارەکە، لەنێویاندا لاهور شێخ جەنگی وەرگیراوە. ئەمڕۆ لائیحە لەلایەن دادوەرەوە دەخوێنرێتەوە و تیمی پارێزەرانیش بەڵگەکانی خۆیان دەخەنە روو.

سەبارەت بە دۆسیەی ماددەی 56، سزاکەی لەنێوان 3 بۆ 7 ساڵ زیندانیکردنە و پێدەچێت ئەم دانیشتنە کۆتا دانیشتن بێت لەسەر ئەو ماددەیە. بڕیاریشە لە 28ـی مانگ 22 تۆمەتبار بە لاهوریشەوە لەسەر ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دادگایی بکرێن.

 شەوی 22ـی ئابی 2025، لە هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، شەڕێکی قورس لەنێوان هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا. 

لە دوای رووبەڕووبوونەوەیەک کە چەند کاتژمێرێکی خایاند، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیرکران. لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.