سندووقی دراوی نێودەوڵەتی: ئابووریی ناوچەکە رووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەبێتەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سندووقی دراوی نێودەوڵەتی هۆشداری دا، بەردەوامیی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەترسیدارترین هەڕەشەیە بۆ سەر ئابووریی وڵاتانی ناوچەکە و ئاسیای ناوەڕاست.
جیهاد ئازعوور، بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست لە سندووقەکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو شەڕە شۆکێکی ئابووریی ناهاوسەنگی بەسەر ناوچەکەدا هێناوە و ئەو وڵاتانەی راستەوخۆ زیانیان بەرکەوتووە، رووبەڕووی فشاری توند بوونەتەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە ئازعوور لەو کۆنگرەیەدا کە لە پەراوێزی کۆبوونەوە ساڵانەکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی لە واشنتن بەڕێوەچوو، روونیکردەوە، پێشبینییەکان بە شێوەیەکی سەرەکی بەندە بە خێرایی گەڕانەوەی بەرهەمهێنانی وزە و بازرگانی بۆ دۆخی ئاسایی، لەگەڵ توانای وڵاتان بۆ پاراستنی سەقامگیریی ئابووریی گشتی.
سوودوەرگرتن لەو زیادەیەی پێش شەڕ هەبووە، رێگە جێگرەوەکان، دەستکاریکردنی داواکاری و کشانەوەی گەورە لە جبەخانەکان، یارمەتیدەر بوون بۆ کۆنترۆڵکردنی کاریگەریی ئەو شۆکەی بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن تارانەوە دروست بوو.
ئازعوور گوتی: "ئەو سەرچاوانە هەندێک کاتیان دابین کرد، بەڵام سنووردارن. جبەخانەکان کەم بوونەتەوە و توانای بەرهەمهێنانی یەدەگیش دابەزیوە، بۆیە دووبارەبوونەوەی ئاڵۆزییەکان رەنگە ببێتە هۆی گۆڕانکاریی زۆر گەورەتر لە نرخەکاندا".
ئەو بەرپرسەی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەش کرد، پێشبینی دەکەن ئابووریی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باکووری ئەفریقا و پاکستان، دوای گەشەی 3.3% لە ساڵی 2025، بە رێژەی 1.3% پاشەکشە بکات. چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی 2027 گەشەیەکی بەهێز بەڵام جیاواز بەخۆیەوە ببینێت کە رەنگە بگاتە 6.6%.
ئازعوور روونیکردەوە، جیاوازیی گەورە لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا هەیە. ئەو وڵاتانەی نەوت هەناردە دەکەن و راستەوخۆ بە شەڕەکە کاریگەر بوون، لە ساڵی 2026 تووشی پاشەکشەیەکی گەورە دەبن و لە ساڵی 2027 گەشەی ئابوورییان بە خێرایی گەشە دەکاتەوە بەهۆی گەڕانەوەی بەرهەمهێنانی وزە بۆ ئاستە ئاساییەکان، هەرچەندە پێشبینی دەکرێت ئاستی بەرهەم لەو پێشبینییە مامناوەندییانە کەمتر بێت کە پێش شەڕ دەرکرابوون.
ئازعوور باسی لەوەش کرد، ئابووریی وڵاتانی هاوردەکاری نەوت لە ناوچەکە خۆڕاگرییان نواندووە و پێشبینی دەکرێت بەو شێوەیە بمێننەوە.
ناوچەی قەوقاز و ئاسیای ناوەڕاست بە شێوەیەکی رێژەیی بە سەر شۆکەکەدا سەرکەوتوو بوون و پێشبینی دەکرێت هەڵاوسان بەردەوام بێت لە دابەزین لە ئاستە بەرزەکانی. سندووقی دراوی نێودەوڵەتی پێشبینی دەکات گەشەی ئابووری لەو ناوچانە لە ساڵی 2026 بۆ 5.2% خاو ببێتەوە و دواتر بۆ 5% لە ساڵی 2027، ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی 2025 گەشەی ئابووری 6.2% بووە.
لە کۆتاییدا ئازعوور داوای لە بڕیار بەدەستان کرد، سەقامگیریی نرخەکان لە پێشینەی کارەکانیان دابنێن و سەرنج بخەنە سەر بنیاتنانەوەی یەدەگی دارایی و فراوانکردنی تواناکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی شۆکەکانی داهاتوو.