بەسێ هۆزات: تا ئۆجەلان و دەمیرتاش لە زینداندابن بڕوا بە پڕۆسەی ئاشتی ناکەین

بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)
بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە هۆشداری دەدات، بێ هەنگاوی کردەیی و گۆڕانکاریی یاسایی لە لایەن تورکیاوە پڕۆسەی ئاشتی پێشکەوتن بەخۆیەوە نابینێت. هاوکات ئاشکرای دەکات، سەرجەم چەکدارەکانیان لە ناوخۆی ئەو وڵاتە کشاونەتەوە و داوای ئازادکردنی ئۆجەلان و دەمیرتاش دەکات.

بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، بێ هەنگاوی کردەیی حکوومەتی تورکیا و گۆڕانکاریی یاسایی، هیچ پێشکەوتنێک لە پڕۆسەی ئاشتیدا نابێت.

لەبارەی چەکدانان و سووتاندنی چەک، ئەو بەرپرسەی کەجەکە روونی کردەوە، سووتاندنی چەک لە لایەن ئەوانەوە هەنگاوێکی هێمایی (سیمبولی) بوو، بۆ دەربڕینی بڕیار لەسەر ستراتیژیی سیاسەتی دیموکراتیک، بەڵام پێویستە دەوڵەتی تورکیا هەنگاوی کردەیی لە بواری یاسایی و دیموکراتیکدا بنێت.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، لە دۆخێکدا سیاسەتمەدارانی وەک سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زینداندا بمێننەوە، هیچ کەسێک و هیچ چەکدارێک باوەڕ بەوە ناکات زەمینەی سیاسەتی دیموکراتیک لە تورکیادا هەبێت. دەربارەی دۆخی هێزەکانیان باسی لەوە کرد، تەواوی هێزەکانیان لە سنووری تورکیا کشاونەتەوە و ئێستا هیچ چەکدارێکیان لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا نەماوە.

بەسێ هۆزات گوتی، بێ دەرکردنی یاسای هەمەلایەنە و ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و سەرجەم کادیرەکانیان، پڕۆسەکە سەرکەوتوو نابێت. هاوکات هۆشداریی دا لەوەی، نابێت پڕۆسەکە ببێتە کەرەستەیەک بۆ کاتکوشتن لە لایەن حکوومەتەوە لە پێناو هەڵبژاردندا.

سەبارەت بە کەناڵەکانی پەیوەندی، ئاشکرای کرد، کەناڵی گفتوگۆ لە نێوان دەوڵەت و ئەواندا هەیە و لە رێگەی شاندەکانەوە بۆچوونەکانیان گەیاندووەتە ئۆجەلان. لەو چوارچێوەیەدا رێککەوتنێک هەبووە بۆ سەردانی رۆژنامەنووسان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئیمراڵی، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنراوە.

ئەو هاوسەرۆکە ئەوەی خستەڕوو، هەرچەندە لێدوانەکانی دەوڵەت باخچەلی لە سەرەتای پڕۆسەکەوە ئەرێنی بوون، بەڵام ئەو قسانە نەگۆڕاون بۆ هەنگاوی کردەیی و یاسایی، ئەم دۆخەش گومانی لای ئەوان دروست کردووە ئایا ئەمە سیاسەتی کاتکوشتنە یان نا.