لە رێگای ئەوروپا لە خێزانێکی 5 کەسی 2 منداڵ خنکان و منداڵێکیش بێسەروشوێنە
ئەمڕۆ بەلەمێکی هەڵگری کۆچبەران لە کاتی پەڕینەوە لە ئاوەکانی تورکیا بەرەو یۆنان تەقی و ژێرئاو کەوت، بەهۆیەوە سێ منداڵی خێزانێکی خەڵکی سلێمانی گیانیان لەدەست دا و دایک و باوکیان لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستبەسەر کران.
بارزان رەزا، خاڵی منداڵەکان بە کوردستان24ـی رایگەیاند: "خوشک و زاواکەم بە مەبەستی گەیشتن بە ئەورووپا لەگەڵ سێ منداڵەکەیاندا رێگەی کۆچیان هەڵبژارد، بۆ ئەو مەبەستەش بڕی 55 هەزار دۆلاریان بە قاچاخچی دابوو تا بە رێگەیەکی سەلامەت بیانگەیەنێتە ئەوێ".
سەبارەت بە وردەکاریی رووداوەکە، رەزا گوتی: "لە تەنکاوێکی نێوان ئەدەنە و یۆنان، لەگەڵ ژمارەیەک کۆچبەری دیکە سواری بەلەمێکی چووپ کرابوون، بەڵام بەلەمەکە بەر دارێک کەوتووە و تەقیوە، بەهۆیەوە هەموویان کەوتوونەتە نێو ئاوەکەوە".
منداڵە قوربانییەکان بریتین لە هەستیار هەرێم، هەریاد هەرێم و مێلە هەرێم. رەزا روونیکردەوە، دوو لە منداڵەکان خنکاون و پەیوەندییان پێوە کراوە کە منداڵێک رزگار کراوە، بەڵام چارەنووسی نادیارە و نازانن لە کوێیە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، رەزا ئاشکرایکرد کە خوشک و زاواکەی لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە لە ئەدەنە رزگار کراون، بەڵام ئێستا دەستبەسەرن. ئەو گوتیشی: "پەیوەندییان پێوە کردووین و داوای هاوکارییان کردووە تا بە هانایانەوە بچین، چونکە لە دۆخێکی دەروونیی سەختدان و لەوێ بێکەسن".