هاوپەیمانیی عەزم: زۆرترین ململانێی تەواوکردنی کابینەی وەزاریی لەسەر پۆستی وەزارەتی بەرگرییە

لە ئەنجامی قوڵبوونەوەی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی پێکهاتەی سوننە لەسەر پۆستە وەزارییەکان، پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانی عەزم رایگەیاند، زۆرترین ململانێی لایەنەکان لەسەر پۆستی وەزیری بەرگرییە و دەستوەردانی دەرەکیش رێگرە لە تەواوبوونی کابینەکەی عەلی زەیدی.

دکتۆر سەلاح دلێمی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە هاوپەیمانی عەزم، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، هۆکاری سەرەکی ئەم ناکۆکییانە بۆ ململانێی حزبی و بەدەستهێنانی قازانجی تەسک دەگەڕێتەوە، چونکە هەر لایەنێک هەوڵ دەدات بەشی لایەنەکانی دیکەش ببات و متمانە لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا نەماوە. 

ناوبراو ئاشکرای کرد، هەوڵێک هەیە پۆستی وەزارەتی بەرگریی بدرێتە لایەنێکی دەرەوەی پێکهاتەی سوننە، ئەوەش لەپێناو بەرژەوەندیی حزبی و کەسیدا. هەروەها جەختیکردەوە که لە ساڵی 2003ـەوە دەستوەردانی دەرەکی لە پێکهێنانی حکوومەتەکانی عێراقدا هەیە و لە پرۆسەی تەواوکردنی کابینەی عەلی زەیدیشدا هەبوونی هەیە.

جێگەی باسە، لە 14ی ئایاری ئەمساڵ پەرلەمانی عێراق دەنگی بە کابینەی عەلی زەیدی دا، بەڵام نۆ وەزارەت بە بەتاڵی مانەوە، بە شێوەیەک که چوار لە کاندیدان دەنگیان نەهێنا و پێنج وەزارەتیش نەخرانە دەنگدانەوە.