رۆژنامەنووسێک ئاڵۆزییەکانی رووسیا و ژاپۆنی زیاتر کرد
ژاپۆن بە توندی ئەو تۆمەتانەی رووسیا رەتدەکاتەوە گوایە رۆژنامەنووسێکی وڵاتەکەی کاری سیخوڕیی کردبێت. لەم چوارچێوەیەدا سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن جەخت لە پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییەکانی دەکاتەوە.
سانای تاکایچی، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، هەر جۆرە چالاکییەکی سیخوڕیی وڵاتەکەی لە ناو خاکی رووسیا رەتکردەوە.
سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن رایگەیاند، تۆمەتەکان هیچ بنەمایەکیان نییە و دوورن لە راستییەوە. هەروەها جەختی کردەوە، لە ئێستادا کاری هەرە لەپێشینەی حکوومەتەکەی پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییانی ژاپۆنە و هەموو هەوڵەکانیان لەو پێناوەدا چڕ دەکەنەوە.
ئەم هەڵوێستەی تۆکیۆ دوای ئەوە دێت، لە چەند رۆژی رابردوودا دەزگای ئاسایشی فیدراڵیی رووسیا (ئێف ئێس بی) رۆژنامەنووسێکی تەمەن 34 ساڵی ژاپۆنی بە ناوی "یوکی ئیمای" لە ناوچەی "ساخالین" دەستگیر کرد و دواتر رەوانەی مۆسکۆی کرد.
رووسیا ئەو رۆژنامەنووسەی تۆمەتبار کردووە بە کۆکردنەوەی زانیاریی نهێنی لەسەر توانا سەربازییەکانی وڵاتەکەی و گواستنەوەیان بۆ هەواڵگریی ژاپۆن.
یوکی ئیمای پەیامنێری رۆژنامەی (هۆکایدۆ شیمبوون)ـی ژاپۆنییە و دادگای مۆسکۆ بڕیاری داوە تاوەکو 12ـی کانوونی یەکەم لە زینداندا بیهێڵێتەوە.
پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و ژاپۆن لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا و سەپاندنی سزاکانی رۆژئاوا بەسەر مۆسکۆدا، بەتەواوی ئاڵۆز بووە. هاوکات کێشەی مێژوویی نێوان هەردوو وڵات لەسەر دوورگەکانی کوریل هۆکارێکی دیکەی گرژییەکانە. دەستگیرکردنی ئەم رۆژنامەنووسەش، بە ململانێیەکی نوێی دیپلۆماسی لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا دادەنرێت.