تێچووی دەرهێنانی پاسپۆرت کرایە 101 هەزار دینار

ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا نرخی دەرکردن و نوێکردنەوەی پاسپۆرت بەرز بکاتەوە. بەگوێرەی بڕیارەکە، تێچووی پاسپۆرت لە 91 هەزار دینارەوە بۆ 101 هەزار دینار زیاد دەکرێت.

ئەم بڕیارە لە ئەمڕۆوە لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پاسپۆرت لە عێراق و هەرێمی کوردستان چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لای خۆیەوە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ هۆکاری ئەم گۆڕانکارییە بۆ کاریگەریی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی دەگەڕێنێتەوە. بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان وەزارەتی ناوخۆ و کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت کە هاوبەشیی ئەم پرۆسەیە دەکات، بڕی 50 دۆلار بۆ کۆمپانیاکە و 25 هەزار دینار بۆ حکوومەت تەرخان کراوە.

بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕەکاندا بووەتە هۆی ئەوەی تێچووی گشتیی دەرکردنی پاسپۆرت بە بڕی 10 هەزار دینار زیاد بکات. ئەم رێکارە نوێیە بارگرانییەکی دارایی دیکەی بۆ هاووڵاتیان دروست کردووە و لە سەرجەم ناوەندەکانی پاسپۆرتدا جێبەجێ دەکرێت.