لافاو ژیانی لە ئیستانبوڵ پەکخستووە؛ دوو کەس گیانیان لەدەست داوە
شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و دروستبوونی لافاو لە شاری ئیستانبوڵ، ژیانی ئاسایی پەکخست و بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس، هاوکات دەسەڵاتداران چەندین رێکاری بەپەلەیان گرتەبەر و تیمەکانی فریاگوزاریش دەستیان بە رزگارکردنی لێقەوماوان کردووە.
بەهۆی شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ و زریانی بەهێزەوە، لافاو لە شاری ئیستانبوڵ دروست بوو، بەم هۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەست دا. بەپێی ئامارەکان، لە ساڵی 1985ـەوە بارانی بەم شێوەیە لەو شارە نەباریوە، ئەم دۆخەش ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییانی پەکخست.
لافاوەکە سەدان ماڵ، شوێنی کار و وێستگەکانی گواستنەوەی گرتووەتەوە. هاوکات دەیان ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەکان ژێرئاو کەوتن و لافاوەکە بردیانی.
دەسەڵاتدارانی ئیستانبوڵ و پارێزگاکانی دەوروبەری، زنجیرەیەک رێکاری بەپەلەیان راگەیاند، لەوانەش راگرتنی تەواوەتیی دەوامی ناوەندەکانی خوێندن، پێدانی مۆڵەتی کارگێڕی بە بەشێک لە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و قەدەخەکردنی هاتوچۆی ماتۆڕسکیل لەسەر شەقامەکان.
بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە، ئاستەنگی گەورە بۆ گەشتە ئاسمانییەکانیش دروست بوو. دەیان فڕۆکە بڕیار بوو لە فڕۆکەخانەکانی ئیستانبوڵ بنیشنەوە، بەڵام ئاراستەی فڕۆکەخانەکانی دیکەی ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا کران.
جەودەت یڵماز، جێگری سەرۆککۆماری تورکیا، داوای لە هاووڵاتییان کرد پابەندی رێنماییە فەرمییەکان بن. هاوکات وەزیری ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا رایگەیاند، کارەساتەکە لە یەکەم ساتەوە لە مەیدانەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت. وەزیری ژینگە جەختی کردەوە، تیمەکان دەستبەجێ دەستیان بە هەڵسەنگاندنی زیانەکان کردووە و هۆشداریی دا هێشتا مەترسی لە چەندین پارێزگای دیکەدا ماوە.
لە ئێستادا تیمەکانی فریاگوزاری و ناوەندی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، هەزاران کارمەند و ئامێریان بۆ رزگارکردنی هاووڵاتییان و بەهاناوەچوونی لێقەوماوان بڵاوکردووەتەوە. لایەنە پەیوەندیدارەکانیش دووپاتی دەکەنەوە، دەبێت هاووڵاتییان تاوەکو ئاساییبوونەوەی دۆخەکە، جگە لە باری زۆر پێویست لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە و لە شوێنە مەترسیدارەکان دوور بکەونەوە.
شاری ئیستانبوڵ بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە، لە چەند ساڵی رابردوودا بەردەوام رووبەڕووی شەپۆلی بەهێزی بارانبارین و لافاو بووەتەوە. بۆ نموونە لە ئەیلوولی ساڵی 2023، لافاوێکی گەورە ناوچەکانی باشاکشەهیر و کوچوکچەکمەجەی لە ئیستانبوڵ گرتەوە و بەهۆیەوە چەندین کەس گیانیان لەدەست دا و زیانێکی زۆری مادی بەر ژێرخانی شارەکە کەوت.