سەگی بێلانە کاریگەریی کردووەتە سەر پرۆسەی خوێندن لە شێخان

زۆربوونی ژمارەی سەگی بێلانە لە کۆمەڵگەی چرەی سەر بە قەزای شێخان، مەترسیی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان و بەتایبەتی قوتابیان دروست کردووە. دانیشتووانی ناوچەکە و شارەوانیش داوای دۆزینەوەی چارەسەرێکی خێرا دەکەن.

لە ماوەی رابردوودا دیاردەی بڵاوبوونەوەی سەگی بێلانە لە شەقام و کۆڵانەکانی کۆمەڵگەی چرە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. خدر عەبدولڕەحمان جووتیارێکی دانیشتووی ناوچەکەیە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، زۆربوونی ئەم سەگانە مەترسیی گەورەی بۆ سەر ژیانی خەڵک و بەتایبەتی منداڵەکانیان دروست کردووە، بە جۆرێک هاووڵاتییان لە کاتی چوونە دەرەوەیاندا هەست بە دڵەڕاوکێ دەکەن.

ئەم کێشەیە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پرۆسەی پەروەردە و چوونە قوتابخانەی قوتابیانیش هەبووە. میکائیل عەبدوڵڵا، مامۆستا لە کۆمەڵگەی چرە، باسی لەوە کرد، قوتابیان بەیانیان زوو لە کاتی چوون بۆ قوتابخانە رووبەڕووی مەترسیی پەلاماردانی سەگە بەرەڵاکان دەبنەوە، ئەمەش وای کردووە ترسێکی زۆر لای قوتابیان و دایک و باوکیان دروست بێت و کاریگەریی نەرێنی لەسەر دەوامیان هەبێت.

سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، ئیدریس تەییب، سەرۆکی شارەوانیی کۆمەڵگەی چرە، ئەوەی خستەروو، وەک لایەنی پەیوەندیدار ئاگاداری ئەو کێشەیەن و مەترسییەکانی زۆربوونی سەگی بەرەڵایان لەسەر هاووڵاتییان و سیمای ناوچەکە هەست پێکردووە. 

سەرۆکی شارەوانیی چرە گوتی، پێویستە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە و حکوومەت بکرێت بۆ ئەوەی چارەسەرێکی گونجاو و سەردەمیانە بۆ ئەم گرفتە بدۆزرێتەوە، بۆ ئەوەی هەم گیانی هاووڵاتییان پارێزراو بێت و هەمیش رێکارەکان گونجاو بن.

دیاردەی زۆربوونی سەگی بێلانە یەکێکە لەو کێشانەی لە چەند ساڵی رابردوودا لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بووەتە جێگەی نیگەرانیی هاووڵاتییان. بەهۆی نەبوونی پەناگەی تایبەت (شێڵتەر) بە بڕی پێویست، ژمارەی ئەم سەگانە لە شەقام و کۆڵانەکاندا رووی لە زیادبوون کردووە. لە چەندین ناوچەی جیاواز رووداوی پەلاماردانی هاووڵاتییان و منداڵان لە لایەن سەگی بەرەڵاوە تۆمار کراون، ئەمەش فشاری خستووەتە سەر دامەزراوەکانی حکوومەت بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست. 

کۆمەڵگەی چرە کە دەکەوێتە سنووری قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆک، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەکەی و بوونی رووبەرێکی زۆری کراوە لە دەوروبەریدا، بووەتە شوێنێک بۆ کۆبوونەوەی ئەو سەگانە.