دەستپاکی عێراق: بەرپرسێکی شارەوانی کەرکووک بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل دەستگیرکرا
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی رایگەیاند، بەرپرسی کەرتی چواری شارەوانی کەرکووکیان بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل دەستگیرکردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەمڕۆ دەستەی دەستپاکی فیدراڵی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، تیمێکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی کەرکووک پاش وەرگرتنی زانیاری دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە، چونکە بەرپرسی کەرتی چواری شارەوانی کەرکووک داوای 6,000 دۆلاری ئەمریکی و مۆبایلێکی ئایفۆن 15 پرۆ ماکسی لە هاووڵاتییەک کردووە. ئەو بەرپرسە داوای پارە و دیارییەکەی وەک بەرتیل کردووە تا رێگە بە هاووڵاتییەکە بدات لە شەقامی قودس باڵەخانەیەکی بازرگانی دروست بکات و دەستدرێژی نەکاتە سەر پرۆژەکەی.
تیمەکە پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەری، کەمینێکیان لەو شوێنە داناوە کە بۆ وەرگرتنی بەرتیلەکە دیاری کرابوو. تیمەکە توانیویانە تۆمەتبارەکە لەکاتی وەرگرتنی بەشێک لە پارەکە دەستگیر بکەن.
دەستەی دەستپاکی روونیکردەوە، پرۆسەکە بەگوێرەی بڕیاری ژمارە 160ـی ساڵی 1983 بەڕێوەچووە. تۆمەتبارەکە بە هەموو بەڵگە و دەستبەسەرداگیراوەکانەوە رەوانەی بەردەم دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی کەرکووک کراوە کە تایبەتە بە دۆسیەکانی دەستپاکی، دادوەرەکەش بڕیاریدا تۆمەتبارەکە بەبڕیاری دەستبەسەرکردن رابگیرێت تا لێکۆڵینەوەکان کۆتایی دێن.