سوپای عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش هێز دەگوازێتەوە

بەهۆی بەرزبوونەوەی مەترسییە ئەمنییەکان و زیادبوونی جووڵەی چەکدارانی داعش لە باشوور و رۆژئاوای کەرکووک، گۆڕانکاریی سەربازیی گەورە لە ناوچەکەدا دەستیپێکردووە.

فیرقەی 11ـی سوپای عێراق لە بەغداوە بەرەو کەرکووک جووڵەی پێکراوە و لە بەرامبەردا فیرقەی سێی پۆلیسی فیدراڵی رەوانەی بەغدا دەکرێتەوە. 

ئەم گۆڕانکارییانە پاش ئەوە دێن، بەگوێرەی زانیارییەکانی سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک، تەنیا لە هەفتەی رابردوودا بەهۆی هێرش و تەقینەوەی بۆمبی چێندراوی داعش، ئەفسەرێک و دوو سەرباز کوژراون و شەش سەربازی دیکەش بریندار بوون. ئەو پێشهاتانە هاوکاتە لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.

دوێنێ چوارشەممە 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو بە هێزەکانی سوپای عێراقدا لە باشووری کەرکووک، ئەفسەرێکی پلە باڵا و سەربازێک کوژران و چەند سەربازێکی دیکەش بریندار بوون.

سەرچاوەیەکی سەربازی بە پلەی موقەدەم بە کوردستان24ـی راگەیاند: "رووداوەکە لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردن لە دۆڵی زغەیتوون روویداوە". بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، قوربانییەکان ئەفسەرێکی پلە عەمید و سەربازێکن و دوو سەربازی دیکەش بریندار بوون.

سەرچاوەکە روونیکردەوە، ئەم کێوماڵکردنە وەڵامێک بووە بۆ بۆردومانکردنی چەند مۆڵگەیەکی پاشماوەکانی داعش لە رێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە لە هەمان ناوچەدا. هێزە ئەمنییەکان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و تەرمی قوربانییەکان و بریندارەکانیان بۆ نەخۆشخانەکانی کەرکووک گواستووەتەوە.

لە 30ـی ئەیلوولی 2026، هێزەکانی هاوپەیمانان دژی داعش لە عێراق کشانەوە. پاش ئەو کشانەوەیە، جموجۆڵی شانە نووستووەکانی داعش لە حەویجە و دەوروبەری کەرکووک زیادی کردووە و چەند جارێک هێرشیان کردووەتە سەر خاڵە ئەمنییەکانی عێراق.