دادگا بڕیارى کۆتایی لەسەر لاهور شێخ جەنگی و ژمارەیەک تۆمەتبارى لالەزار دا
سزای زیندانیکردنی بۆ لاهور شێخ جەنگی، پۆلادی برای و ژمارەیەک لە گیراوانی رووداوەکەی لالەزار دەرچوو. دوو تۆمەتباریش ئازاد کران.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە دادگاى تاوانەکانى دووى سلێمانى، پڕۆسەی دادبینی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی هاوپەیمانیی "بەرەی گەل" و ژمارەیەک لە گیراوانی دیکەی رووداوەکەی هۆتێل لالەزار بەڕێوەچوو.
ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، دادگای تاوانەکانی دووی سلێمانی، بڕیاری زیندانیکردنی بۆ هەر یەکە لە لاهور شێخ جەنگی، پۆڵاد شێخ جەنگی، رێبوار حامید حاجی غالب، رێبوار قودرەت، پێشەوا حەسەن، رێنوار زریان و ئاراس حەمە عەلى سەربەست مینا دەرکرد.
سزای زیندانیکردنەکە بۆ هەر یەکێکیان بەم شێوەیەیە:
- لاهور شێخ جەنگی: پێنج ساڵ و سێ مانگ.
- پۆڵاد شێخ جەنگی: سێ ساڵ و شەش مانگ.
- رێبوار حامید حاجی غالب: دوو ساڵ.
- رێبوار قودرەت: سێ ساڵ و شەش مانگ.
- پێشەوا حەسەن: سێ ساڵ و شەش مانگ.
- رێنوار زریان: سێ ساڵ و شەش مانگ.
- ئاراس حەمە عەلى سەربەست: یەک ساڵ و شەش مانگ.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، دوو لە گیراوانی لالەزار، بەناوەکانی (کەیوان و عومەر شێخ) بە بڕیاری دادگا ئازاد کراون.
رووداوەکانی هۆتێل لالەزار دەگەڕێتەوە بۆ بەرەبەیانی 22ـی ئابی 2025، کاتێک هێزەکانی کۆماندۆ و دژەتیرۆری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێرشیان کردە سەر ئەو هۆتێلە لە شاری سلێمانی. لەو رووداوەدا دوای چوار کاتژمێر لە پێکدادانی چەکداری لە نێوان ئەو هێزانە و چەکدارانی هێزی تایبەتی بەرەی گەل بە بەکارهێنانی چەکی قورس، چەندین چەکدار لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.
لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا، لاهور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و دەیان کەسی دیکە دەستگیر کران. لەوکاتەوە لاهوور شێخ جەنگی و بەشێک لە راگیراوەکانی دیکە لە زیندان ماونەتەوە.
ئەم تۆمەتبارانە بەپێی ماددەی 56ـی یاسای سزادانی عێراقی دادگایی کراون، کە ماددەیەکە تایبەتە بە (رێککەوتنی گرووپێک یان چەند کەسێک بۆ ئەنجامدانی تاوانێک یان چەند تاوانێک پێکەوە).