حەبیبوڵڵا سەیاری: هۆکاری گرانبوونی نرخی بەنزین لە ئەمریکا داخرانی گەرووی هورمزە

حەبیبوڵڵا سەیاری، جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران بۆ کاروباری هەماهەنگی رایگەیاند، گەرووی هورمز داخراوە و هەر جۆرە تێپەڕینێک لەو گەرووەوە پێویستی بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێران هەیە.

پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، حەبیبوڵڵا سەیاری گوتی "گەرووی هورمز داخراوە و ئەگەر دانەخرایە، نەوت پێیدا تێپەڕ دەبوو و نرخی بەنزین لە ئەمریکا بەرز نەدەبووەوە"، جەختیکردەوە، ئەمە بابەتێکی روونە و هیچ گومانێکی تێدا نییە.

ئەو بەرپرسەی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کرد، هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی گەرووی هورمز جێگیر کراوە، لە باکووری دەریای عومانیش، سوپای ئێران بە تەواوی ئامادەییە و چاودێریی ناوچەکە دەکات.

جەختیکردەوە، ئەگەر کەشتییەکان بیانەوێت لەو گەرووە تێپەڕبن، دەبێت هەماهەنگی لەگەڵ ئێران بکەن، ئەم دۆخە دەریدەخات گەرووی هورمز داخراوە، چونکە ئەگەر کراوە بوایە، کەشتییەکانی نەوت تێپەڕدەبوون و نرخی بەنزین لە ئەمریکا بەرز نەدەبووەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەیاری باسی لە بوونی هێزی گەنجی داهێنەر لە ئێران کرد و گوتی، ئەمڕۆ گەنجانی بەجۆش و داهێنەری ئێران لە نێو هێزە چەکدارەکان، وەزارەتی بەرگری و زانکۆکان کار دەکەن و هەموو توانای خۆیان بۆ داهێنان دەخەنە گەڕ.

باسی لەوەشکرد، وەک دەزانن هیچ وڵاتێک ئەو کەرەستانەیان پێ نافرۆشێت کە دەتوانن بیانکڕن، بۆیە هەموو ئەوەی ئەمڕۆ هەیانە، بەرهەمی هەوڵی گەنجانی وڵاتەکەیە.

جەختیشیکردەوە، بە دڵنیاییەوە پشت بەو کەرەستە نوێیانە دەبەستن کە بە هەوڵی گەنجانی وڵات دروست کراون و بەمەش دەتوانن لە داهاتوودا بەرامبەر هەڕەشەکانی دوژمن رابوەستن.