محەمەد سەمعان بەهۆی وەرگرتنی پۆستی وەزیر دەستلەکار دەکێشێتەوە
سەرچاوەیەک لە نووسینگەی پارێزگاری کەرکووک رایگەیاند، محەمەد سەمعان لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دەست لەکاردەکێشێتەوە، هۆکارەکەشی سوێندخواردنیەتی وەک وەزیری دەوڵەت بۆکاروباری دەرەوەی عێراق.
ئەمرۆ پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرچاوەیەک لە نووسینگەی محەمەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، محەمەد سەمعان نووسینگەکەی راسپاردووە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی ئامادە بکەن، چونکە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا وەک وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە سوێندی یاسایی دەخوات.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، محەمەد سەمعان تا ئەو کاتەی لە پەرلەمانی عێراق سوێندی یاسایی دەخوات، وەک پارێزگاری کەرکووک لە پۆستەکەی بەردەوام دەبێت.
سەرچاوەکە روونیکردەوە، پارێزگاری کەرکووک نووسینگەکەی راسپاردووە، دەستبەجێ دوای ئەوەی ئێوارە سوێندی یاسایی خوارد، نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک پێشکەشی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بکات.
16ـی نیسانی 2026، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە کۆبوونەوەیەکی فەرمیدا، زنجیرەیەک گۆڕانکاریی لە هەیکەلی ئیدارەی خۆجێیی پارێزگاکەدا پەسەند کرد.
ئەنجوومەنەکە لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووکی پەسەند کرد. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پابەندبوون بەو رێککەوتنە سیاسییە بوو کە 10ـی ئابی 2024 لە هۆتێل رەشیدی بەغدا لەنێوان یەکێتی، بزووتنەوەی بابلیۆن و بەشێک لە لایەنە عەرەبییەکان واژۆکرابوو.